سودانی لە ژێرەوە چی بە ئەمریكاییەكان وتووە ؟

ڕاپۆرت

10/01/2024     ژمارەی بینراو 532


راچڵەكین- 
رۆژنامەی پۆلیتیكۆی ئەمریكایی، بروسكەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرا دەكات سەبارەت بە "پەیامە نهێنییەكان"ی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و گەورە راوێژكارانی سەبارەت بە ئاگاداكردنەوەی لایەنی ئەمریكایی پەیوەست بە خواستی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق كە دەڵێت، لێدوانەكانی لەبارەی كۆتایی هێنان بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆ "رازیكردنی جەماوەر" بووە. 

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەكە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە شێوەیەكی تایبەت بە بەرپرسانی ئەمریكايی راگەیاندووە كە دەیەوێت لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكەی دانوستان بكات، ئەمەش لەكاتێكدایە كە سودانی لە دوایین لێدوانی، ئاماژەی بە دەركردنی ئەو هێزانە كردبوو لە وڵات. 

رۆژنامەكە نوسیویەتی، گەورە راوێژكارانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە بەرپرسانی ئەمریكاییان راگەیاندووە، "راگەیاندنەكەی سودانى هەوڵێك بووە بۆ رازیكردنی جەماوەر و لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆ"، خودی سودانی پابەندە بە دانوستنان لەبارەی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، ئەمەش لە بروسكەیەكی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە كە بەردەستی رۆژنامەی پۆلیتیكۆ كەوتووە. 

راگەیاندنەكەی سودانی، ئاماژەی بە كۆتایی هێنان بە بوونی هێزە نێودەوڵەتییەكان كردبوو، لە پاش هێرشەكەی ئەم دواییەی ئەمریكا كە بووە مایەی كوژرانی سەركردەیەكی دەركەوتووی گروپە چەكدارەكان لە بەغدا.  

رۆژنامەكە ئاماژەی بە ئامادەیی عیراق كردووە بۆ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵات كە بابەتێكی زۆر گرنگە بۆ ئیدارەكەی بایدن و ویلایەتە یەكگرتووەكانیش پێیوایە، بوونی لە عیراق نەك هەر بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش گرنگە، بەڵكو بۆ بەرگرتنە لە فراوانبوونی هەژموونی ئێرانی لە ناوچەكە.   

بە بەرپرسانی ئەمریكایی راگەیەندراوە كە عیراق ئامادەیە بۆ گفتووگۆ لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵات، چونكە هەندێك لە مانۆڕە سیاسییەكان لەنێو پەرلەمانی عیراق، رەنگە ناچاریان بكەن هەنگاو بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا هەڵبنێن، ئەمەش لە رۆژنامەكەدا ئاماژەی پێكراوە. 

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، هیچ قسەیەكی لەسەر ئەم بروسكەیە نەبووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش، وەڵامی رۆژنامەی پۆلیتیكۆی لەو بارەیەوە نەداوەتەوە. 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن