زانایان لەبارەی گەرمای هاوینی داهاتووەوە هۆشداریی دەدەن

ڕاپۆرت

10/01/2024     ژمارەی بینراو 519


راچڵەكین- 
بەپێی داتا و ئامارەكان، ساڵی ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بووە، زانایانیش هۆشداریی دەدەن لەوەی رەنگە ساڵی 2024دا جارێكی دیكە پلەكانی گەرما ئاستی ئاسایی تێبپەڕێنن و لە ساڵی رابردوو گەرمتربن. 

سەنتەری گۆڕانی كەشوهەوای كۆپەرنیكۆس لە یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندووە، ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بوو، لە دوای ساڵی 1850، پلەی گەرمای ڕووی دەریاكان لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتە ئاستێكی بێ‌ هاوتا، تێكڕای پلەی گەرما لە جیهاندا لە ساڵی رابردوو،  نزیكەی 10 پلەی سەدی بووە، ئەمەش بەپێی ریكۆردی ساڵی 2016، بە ڕێژەی 0.17 پلەی سەدی زیاتر بووە.

سەنتەری كۆپەرنیكۆس، بۆ پێشبینییەكانی كەشوهەوا بۆی دەركەوتووە كە ساڵی 2013 بە تێكڕا 1.48 پلەی سەدی گەرمتر بووە لەپێش سەردەمی پیشەسازی، كاتێك مرۆڤ  بە رێژەیەكی زۆر دەستیكرد بە سووتاندنی سووتەمەنی بەردین. 

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەبارەی پلەی گەرمی پێوانەیی رایگەیاندبوو، "هەسارەكەمان تووشی وەرزێكی كوڵان بووە، ئەم هاوینە گەرمترین هاوینە بووە لە مێژوودا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە گۆڕانكاریی كەشوهەوا دەستیپێكردووە.”

 زانایانی كەشناسی لە سەنتەری كۆپەرنیكۆس پێیانوایە، دەتوانرێت زۆر بە زوویی جارێكی دیكە ئەم ژمارە پێوانەییە تێبپەڕێنرێتەوە، چونكە پێشبینییەكانیان ئاماژە بەوە دەكەن، ساڵی 2024 لەوانەیە گەرمتر بێت، ئەمەش وەك هۆشدارییەك سەبارەت بەو كەشوهەوا سەختەی كە لە  ساڵی ڕابردوودا جیهانی گرتەوە. 
 
بەپێی راپۆرتێكی سەنتەری كۆپەرنیكۆس"ئەگەرێكی شیاو هەیە كە ساڵی ڕۆژمێری بە تێكڕای پلەی گەرمی زیاتر لە 1.5 پلەی سەدی لە ئاستی پێش پیشەسازی كۆتایی بێت، بەپێی چەندین گروپی زانیاریی".

ڕاپۆرتەكانی پێشوو ئاماژەیان بەرزی پلەكانی گەرما كردووە كە هۆكاری چەند دیاردەیەك بوون، وەك خراپتربوونی  كەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەكان لە ڕۆژهەڵاتی كەنەدا، وشكەساڵی لە كیشوەری ئەفریقا، لەگەڵ بارانبارینی بەخوڕ و شەپۆلی گەرما لە بەریتانیا.

كۆنفرانسی گۆڕانی كەشوهەوای نەتەوە یەكگرتووەكان "COP28" كە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لە دوبەی بەڕێوەچوو،لەسەر نەخشە ڕێگەیەك رێككەوت "بۆ دووركەوتنەوە لە سووتەمەنی بەردین، بەڵام هێشتا ڕێككەوتنەكە لە بانگەوازی چاوەڕوانكراو بۆ وازهێنانی پلەبەندی لە  نەوت و خەڵوز و گاز، نزیك نەبووەتەوە"، نەتەوە یەكگرتووەكان وادەڵێت.  

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس رایگەیاندووە" زانستەكە ڕوونە كە سنوورداركردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهانە، تا لە 1.5 پلەی سەدی زیاتر نەبێت، ئەمەش مەحاڵ دەبێت، گەر قۆناغ بە قۆناغ  دەستبەرداری جۆرە سووتەمەنییە بەردینیەكان نەبین"، هۆشداریشی دابوو لەوەی كە زۆرێك لە وڵاتانی لاواز بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاوە، رووبەڕووی مەترسی نوقمبوون دەبنەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن