پارتی بەفەرمی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی رادەگەیەنێت

کوردستان

22/02/2024     ژمارەی بینراو 999

راچڵەكین-

پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عیراق پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی و پڕەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستووری عیراقدا جێگیر كراون.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عیراق و ناوچەكە، مەكتەبی سیاسیی پارتی بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی كۆبوەوە.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوە، تاوتوێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بوو كە لە ڕۆژی چوارشەممە 21ی شوباتی 2024 دەرچوون.

 مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت:" ئەم بڕیارانە پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی و پڕەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون."

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، مەكتەبی سیاسی پارتی جەخت لەم خاڵانە دەكاتەوە:

1. داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان و پشتیوانیكردنیان لە بەشداریی و هاوبەشییان لە دامەزراوە دەستوورییەكان.
2. پارتیمان پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات تا وەكو لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق گفتوگۆكانی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوور، بەردەوام بێت.
3. بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە (1) ی سالی 1992ی هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێك لە بڕگەكانی، پێچەوانەی دەستوور و سروشتی لێكجیایی دەسەڵاتەكانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن