وادەكەی كۆمسیۆن بۆ پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆتایی دێت

عێراق

31/03/2024     ژمارەی بینراو 496

راچڵەكین-

ئەو وادەیەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دیاریكردبوو بۆ ڕادەستكردنی لیستی كاندیدای پارت و هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان داینابوو، كۆتایی دێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە، جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بەمیدیاكانی نزیك لەپارتی راگەیاند:" ژمارەی ئەو هاوپەیمانییەتی و پارتانەی لیستی كاندیداكانیان ڕادەستی كۆمسیۆن كردووە بریتیین لە؛ هەولێر یەك هاوپەیمانییەتی، سێ پارت، 17 كاندیدای سەربەخۆ. سلێمانی؛ یەك هاوپەیمانییەتی، دوو پارت، 21 كاندیدی سەربەخۆ، دهۆك؛ دوو هاوپەیمانییەتی، دوو پارت و 15 كاندیدی سەربەخۆ. هەڵەبجە؛ دوو هاوپەیمانییەتی، یەك پارت".

جومانە غەلای، ئاماژەی بەوەشكرد، كۆی ئەو پارت و هاوپەیمانێتی و كاندیدا سەربەخۆیانەی لیستی كاندیداكانیان ڕادەستی كۆمسیۆن كراوە بریتییە لە 53.

3ی ئاداری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مەرسومێكدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد كە ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوە دەچێت.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی فەرمانەكە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەند دەبن بە ئامادەكردنی كاری پێویست بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكە،‌ كە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە كارایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن