لە رووداوێكی هاتووچۆدا چەندین خوێندكار بوونە قوربانی

عێراق

02/04/2024     ژمارەی بینراو 349

راچڵەكین -

لە ناوچەیەكی باكووری شاری بەسڕە، بەهۆی رووداوێكی هاتووچۆوە، شەش كەس گیانیان لەدەستداو 14 كەسی دیكەش بریندار بوون، كە سەرجەمیان خوێندكاری سەرەتایین و لەكاتی هاتنەدەرەوەیان لە خوێندنگەو پەڕینەوەیان لەسەر شەقام، بارهەڵگرێك خۆی پێداكێشان.

عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رووداوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لەبەردەم خوێندنگەیەكی سەرەتایی لە قەزای هارسەی باكووری پارێزگای بەسڕە روویداوە، قوربانییەكان كە سەرجەمیان خوێندكاری سەرەتایین، لەكاتی پەڕینەوەیان لە شەقامی بەردەم خوێندنگەكە، بارهەڵگرێكی كامیۆن بەخێرایی هاتووەو خۆی پێدا كێشاون.

وتیشی:" لەئەنجامی رووداوەكە، شەش خوێندكار گیانیان لەدەستداوە و 14 خوێندكاری دیكەش بریندار بوون، كە بەهۆی سەختیی برینەكانیان رەوانەی نەخۆشخانە كراون و لەژێر چاودێری پزیشكیدان".

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی پۆلیس شۆفێری بارهەڵگرەكەیان دەستگیركردووەو لەمیانی لێكۆڵینەوەدا دانی بەوەداناوەو كە لەكاتی رووداوەكەدا كۆنترۆڵی لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن