راچڵەكین -
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەبۆنەی 63 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، لە پەیامێكدا رایدەگەیەنێت: هەمیشە پشتیوانی لە تەواوی داوا رەواكانی مامۆستایان دەكەین و گەشە و پێشكەوتنی پرۆسەی پەروەردە و زانستیش، بە هێشتنەوەی شكۆ و ژیانێكی سەربەرزانە بۆ مامۆستایان دەبەستینەوە.
دەقی پەیامەكە:
لە یادی شەست دوو ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە سەرۆك و سكرتاریەت و تەواوی مامۆستایانی كوردستان دەكەین.
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، لە قۆناغە جیاوازەكانی مێژووی خەباتی نیشتمانیی و پیشەیی خۆیدا، رۆڵی گەورەی بینیووە و لەم پێناوەدا دەیان مامۆستاش لەڕێی رزگاری و ئازادی كوردستاندا گیانیان بەخشیووە، لەمەیدانی خەباتی پیشەیی پێشەنگی بەدیهێنانی مافی مامۆستایان وپەروەردە و زانستی سەردەمیانە بووە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گەشە و پێشكەوتنی پرۆسەی پەروەردە و زانست بە هێشتنەوەی شكۆ و ژیانێكی سەربەرزانە بۆ مامۆستایان دەبەستێتەوە ، بۆیە هەمیشە پشتیوانی لە تەواوی داوا رەواكانی مامۆستایان دەكات، بەتایبەت لەبەرزكرنەوەی پلە و گێڕانەوەی پاشەكەوت و ژیانی شایستە بە رێبەرانی فێربوون و پەروەردە لە وڵاتەكەماندا.
بۆیە سڵاوی ئەمەك دەنێرین بۆ ئەو مامۆستا تێكۆشەرانەی خزمەتی نەوەكانی ئەم میللەتەیان كردووە و زمان و پەروەردەی نەتەوەیی كوردەوارییان بەرز راگرتووە.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان