شاندێکی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ لایەنی عیراقی کۆبوونەوە

کوردستان

15/05/2024     ژمارەی بینراو 404

راچڵەکین-

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لە بەغداد کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەئامادەبونی شاندی هەریمی کوردستان کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەسەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان و وەزیری نەوت و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیری کارەبا و تیمی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕیوبەرە گشتیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەڕێوە چوو.

لە کۆبونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان  لە ناو خشتەکانی یاسای گشتی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ گفتوگۆی لەبارەوە کرا.     
  
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی ئابووری :"کۆبونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو لە هەردولاوە  تێگەیشتنی هاوبەش و ئیجابی هەبوو بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی لەیاسای بودجەی ساڵی ڕابردوو دروست بوو بوو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە پارێزراو بێت."

باس لەوەش کراوە، هەردولا هاوڕا بوون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عێراق.

هاوکات به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ كراوه‌ له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی "ئه‌نجامدانی گواستنه‌وه‌ له‌ ته‌رخانكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو خشته‌كانی بودجه‌دا، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ میكانیزمی راده‌ستكردنی ئه‌و داهاتانه‌ به‌ حكومه‌تی فیدراڵی به‌گوێره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای ئیداره‌ی دارایی و یاسای بودجه‌ی گشتی". 



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن