راچڵەكین -
وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانی بڵاوكردەوەو بەگوێرەی خشتەكەش، رۆژی دووشەممەی داهاتوو كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دێت و وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندەیی زێرەڤانی و یەكەكانی 70 و 80ی تێدا نییە.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی كە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە، لەماوەی پێنج رۆژدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ مانگی نیسانی 2024 دابەشدەكرێت.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم خشتەیە بەپێی ئەو تەمویلە ئامادەكراوە كە لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە نێردراوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە ناوی وەزارەتی پێشمەرگە، فەرماندەیی زێرەڤانی و یەكەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە، هێزی برگری فریاكەوتن، ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش، پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەكان لە خشتەكەدا نییەو وەزارەتی داراییش هیچ روونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە نەداوە.
