عێراق لەسەر پرسی فەڵەستین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

عێراق

11/06/2024     ژمارەی بینراو 228

راچڵەکین-

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سەبارەت بەو بڕیارەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتيی بۆ ئاگربەست لە غەززە، کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە غەززە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پەسەند کراوە، خۆشحاڵین.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەو بڕیارەی کە لەلایەن ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئاگربەست لە غەززە پەسەند کراوە، بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "عێراق بەو بڕیارەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتيی بۆ ئاگربەست لە غەززە، کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە غەززە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پەسەند کراوە، خۆشحاڵە".

ڕاشیگەیاندووە کە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتيی، ھەنگاوێکی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە و ڕەتکردنەوەی گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوای لە لایەنە فەڵەستینییەکان کردووە کە وەڵامی بڕیارەکە بدەنەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین کە خاوەن سەروەریی بێت کە قودس پایتەختەکەی بێت.

دوێنێ دووشەممە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییدا، پرۆژە بڕیارێک پەسەند کرا کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدنەوە ڕاگەیاندرا و داوای پشتیوانی لە داواکارییەکی سێ قۆناغی دەکات کە لە یەکەم قۆناغدا پێشنیاری دەستبەجێ ئاگربەست لە غەززە دەکات.

لەو دەنگدانەدا کە تیایدا ڕووسیا دەنگی نەدا، لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ١٤ ئەندامیان بە بەڵێ دەنگیان پێدا.

لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئیسرائیل داواکارییەکەی بایدنی پەسەند کردووە و داواش لە حەماس کراوە داواکارییەکە پەسەند بکات و جێبەجێی بکات.

ھاوکات بزووتنەوەی حەماس لەوبارەیەوە ڕاگەیاندووە کە ئامادەی دانوستانن لەگەڵ نێوەندگیرەکان لە بارەی جێبەجێ کردنی بنەماکانی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە ئاگربەستی درێژخایەن لە غەززە، کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە غەززە، ئاڵوگۆڕی دیل، سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

تا ئێستا ئیسرائیل ھەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست لە غەززە، رانەگەیاندووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن