دەوامی فەرمانگەكانی حكومەت كەمدەكرێتەوە

عێراق

22/06/2024     ژمارەی بینراو 221

راچڵەكین -

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیاریدا گۆڕانكاری لە دەوامی فەرمانگەكانی حكومەت بكرێت و یەك كاتژمێر كەمبكرێتەوە، دەسەڵاتی راگەیاندنی پشووش دەدرێتە پارێزگاری ئەو پارێزگایانە كە پلەكانی گەرما دەگاتە سەروو 50 پلەی سیلیزی.

ئاژانسی فەرمی هەواڵەكانی عیراق (واع) بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیاریدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، گۆڕانكاری لە دەوامی فەرمی فەرمانگەكانی حكومەت لەسەرجەم پارێزگاكان جگە لە شاری بەغدا، بكرێت.

بەگوێرەی بڕیارەكە، لەسبەینێوە یەكشەممە، دەوامی سەرجەم فەرمانگەكانی حكومەت ماوەی یەك كاتژمێر كەمدەكرێتەوەو لەكاتژمێر 7ی بەیانی دەستپێدەكات و لەكاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆ كۆتایی دێت.

بڕیاری گۆڕانكاری لە دەوامی فەرمی، تا رۆژی 29ی ئەم مانگە كاری پێدەكرێت و دواتر دەوام ئاسایی دەبێتەوەو لەكاتژمێر 8ی بەیانی بۆ 3ی پاش نیوەڕۆ دەبێت، وەزیری هەر وەزیرێكیش دەسەڵاتی درێَژكردنەوەی دەوامی فەرمی لە وەزارەتەكەی لەكاتی پێویستدا هەیە.

سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیاریشیدا دەسەڵاتی راگەیاندنی پشوو بداتە ئەو پارێزگارانەی كە هەر رۆژێك پلەی گەرمای پارێزگاكانیان بگاتە سەروو 50 پلەی سیلیزی. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن