ئاسایشی هەولێر لەسەر رووداوەكەی بەردەم پاڵاوگەی كۆمپانیای كار دێتەدەنگ

کوردستان

09/07/2024     ژمارەی بینراو 622

راچڵەكین -

ئاسایشی هەولێر روونكردنەوە لەبارەی رووداوەكەی بەردەم پاڵاوگەی كۆمپانیای كار دەدات كە بەهۆیەوە دوو كەس كوژران و رایدەگەیەنێت: ئەو ئۆتۆمبێلەی لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەركەوتووە، پەیوەندی بە ئاسایشەوە نییە.
 
لە روونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دا هاتووە،" سەبارەت بە ڕودانی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەنێوان شوفێریكی تەنكەری گواستنەوەی سوتەمەنی و  كارمەندێكی تیمی (پاسەوانی/ سكویریتی) كۆمپانیای كار، كە بە بووە هۆی كوژرانی پاسەوانێكی كۆمپانیای كارو شوفێری تەنكەری سوتەمەنییەكە و برینداربونی دوو كەسی تر، لە گرتە ڤیدۆیەكانی كاتی ڕووداوەكە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی دەردەكەوێت، لەزۆرێك لە سایت و پەیجەكان وا بڵاوكراوەتەوە كە گوایە ئەو ئۆتۆمبیلە سەربازییە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەكەمان بێت، بەڵام لە راستیدا ئەو ئۆتۆمبیلە لەلایەن كارمەندانی پاسەوانی كۆمپانیای كار بەكاردەهێنرێت و پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان نییە.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە قەزای خەبات، لە بەردەم پاڵاوگەی كۆمپانیای كار، لەسەر نۆرەگرتنی تانكەر بۆ باركردنی سووتەمەنی، شەڕە تەقە لەنێوان شۆفێرێك و پاسەوانی پاڵاوگەی كۆمپانیای كار روویداو بەهۆیەوە دوو كەس كوژران و دوانی دیكەش بریندار بوون، لەدوای رووداوەكەش هێزێكی ئەمنی چوونە شوێنی ڕووداوەكەو چەند پاسەوانێكی پاڵاوگەكەیان دەستگیركرد. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن