بەغدا لەسەر هێرشەكانی توركیا دێتەدەنگ

عێراق

10/07/2024     ژمارەی بینراو 386

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق هەڵوێستی خۆی لەسەر هێرشەكانی توركیا و لەشكركێشی بۆسەر هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و بڕیاردەدات شاندێكی باڵای ئەمنی رەواەی هەرێم بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، كۆبووەوەو تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەش هێرش و لەشكركێشییەكەی توركیا بوو بۆسەر هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك، لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای گفتوگۆكردن لەبارەی دیارترین بابەت و پێشهاتە ئەمنییەكان، باس لە هێرشەكانی توركیاو لەشكركێشییەكانی بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان كرا و جەختكرایەوە لەسەر رەتكردنەوەی هاتنەناوەوەی سەربازیی توركیا بۆ ناو خاكی عیراق.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێویستە لەسەر توركیا رەچاوی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حكومەتی عیراق بكات و لە هەر بابەتێكی ئەمنی، هەماهەنگیی لەگەڵدا بكات.

سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیاریدا شاندێكی باڵا بە سەرۆكایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی گشتی و دەركردنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو لەبارەی ئەو بابەتەی پەیوەندیی بە سەروەرەیی عیراقەوە هەیە.
 
ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق داواشی لە سەرجەم لایەن و هێزە نیشتمانییەكان كرد پشتیوانی لە هەڵوێستی حكومەت لەوبارەیەوە بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن