بەغدا لەسەر خستنەخوارەوەی درۆنەكەی توركیا دێتەدەنگ

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 251

راچڵەكین -

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، زانیاری لەبارەی خستنەخوارەوەی درۆنەكەی توكریا لە ئاسمانی شاری كەركوك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: درۆنەكە بە هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چاودێری كرابوو.

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بڵاویكردەوە، تێیدا هاتووە، كاتژێر 9:30ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرگری ئاسمانیی عیراق فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی لەناو سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوكدا بەدیكرد و دوای بەدواداچوون و زانینی رێڕەوی گەشتەكەی و گەیشتنی بۆ ناوەندی شاری كەركوك كە بارەگای حكومی و ناوەندە ئابوورییە گرنگەكانی تێدایە، دوای لێكۆڵینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دەركەوت فڕۆكەكە نەناسراوە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، دوای ئەوەی كاتژمێر 10:30 فڕۆكەكە لەناو شاری كەركوك خرایە خوارەوە، دەركەوت فڕكەیەكی توركییە، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێكی هونەری لە بەڵگەی تاوان و بەرگری ئاسمانی و میلاكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان پێكهێنرا بۆ زانینی هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەو وردەكارییەكانی رووداوەكە.

پێشتر فەرماندەیی هێزی ئاسمانی عیراق بڵاویكردبووەوە، هێزەكانیان بە مووشەك فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانیان لەئاسمانی شاری كەركوك خستە خوارەوە، كە كەوتبووە ناو گەڕەكی تسعین-ی ئەو شارە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن