راچڵەكین -
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پەیامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رادەگەیەنێت و دەشڵێت: ئامانجمانە ڕێڕەوی حكومڕانی لەو هەرێمە ڕاستبكەینەوە و كۆتایی بە دەسەڵاتی تاكڕەوی و جیاكاری بهێنین.
ئەمڕۆ شەممە، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەشاری هەولێر پێشوازیكرد لە ڕۆزی كەیڤ، جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.
لە دیدارێكدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پەیامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە جێگری باڵیۆزی بەریتانیا راگەیاند و هەردوولاش هاوڕابوون لەسەرئەوەی گوتاری ڕق و كینە خزمەت بە بەرنامە و ستراتیژی هیچ لایەنێك ناكات.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ باسی لەوەكرد كە كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ئاستێكی بەرز و شارستانیانە و زمانێكی سەردەمیانە بانگەشە دەكەن، وتیشی:" ئامانجمانە كە ڕێڕەوی حكومڕانی لەو هەرێمە ڕاستبكەینەوە و كۆتایی بە دەسەڵاتی تاكڕەوی و جیاكاری بهێنین".