ڕاچڵەکین سپۆرت -
پاتریس ئیڤرای فەرەنسی، ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد، پێی وایە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەفسانەی پورتوگالی هۆکاری وازهێنانی ئەلێکس فێرگسۆنی ڕاهێنەری ئەفسانەیی بووە، بەهۆی ناکۆکییەکەی لەگەڵ ئیدارەی یانەی شەیتانە سوورەکان.
ئیڤرا و ڕۆناڵدۆ یارییان بۆ یانەی مانچستەر یونایتد کردووە، پێش ئەوەی دۆن لە ساڵی 2009 بەرەو ڕیال مەدرید بڕوات، بەڵام فێرگسۆن ئاگاداری کردووەتەوە کە دەیەوێت ڕۆناڵدۆ لە هاوینی 2013 بگەڕێنێتەوە.
ئیڤرا لە پۆدکاستێکدا لەگەڵ جۆن ئۆبی میکێل، ئەستێرەی پێشووی یانەی چێڵسی وتی: فێرگسۆن پلانی وازهێنانی نەبووە و دەیویست لەگەڵ مانچستەر یونایتد بەردەوام بێت و جارێکی دیکە نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، مانچستەر یونایتد ڕەتیکردەوە 200 ملیۆن پاوەند بدات بە فێرگسۆن بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و گاریس بەیڵ بکات ئەو لەو کاتەدا لەگەڵ ئەو دووانە ڕێککەوتبوو.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕۆیشتنی فێرگسۆن یەکێک بوو لە ڕۆژە دڵتەزێنەکان بۆ من، تەنانەت نەگریام، کاتێک زانیم بڕیارەکە تووشی شۆک بووم، بەتایبەتی کە دوو هەفتە پێش بڕیارەکەی پێی دەگوتم کە دەیەوێت 10 ساڵی تر بمێنێتەوە.
"فێرگسۆن پێی وتم کە ڕۆناڵدۆ ڕازی بووە بگەڕێتەوە بۆ مانچستەر یونایتد، هەمان شت بۆ گاریس بەیڵیش دەگوزەرێت کە پێشوازی لە گواستنەوەی بۆ ئۆڵدترافۆرد کرد، بەڵام یانەکە ڕەتیکردەوە 200 ملیۆن پاوەند بدات بە فێرگسۆن، دواتر یەک ملیار پاوەندیان خەرج کرد لەسەر هیچ شتێک”.
وتیشی: ئەوە لە ساڵی 2013 بوو، تەنها پێش خانەنشینبوونی، هەر بۆیە لەبیرمە کاتێک ئۆفیسەکەیم بەجێهێشت، بە هەمووانم وت: کریستیانۆ دەگەڕێتەوە، گاریس بەیڵیش نزیک دەبێتەوە، دەبێت هەموو شتێک ببەینەوە.
لە کۆتاییدا وتی: ئەمە ئەوەیە کە پێی وتم، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە پلانی وازهێنانی نەبووە ئەگەر درکی بە بیرکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی نەکردبا، هەرچەندە ویستویەتی نازناوی زیاتری چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.