راچڵەكین -
حكومەتی عیراق لەڕێی كردنەوەی دوو هەژماری بانكی، كۆمەك و هاوكاری دارایی بۆ دانیشتوانی لوبنان و كەرتی غەززە كۆدەكاتەوە، سەرۆكی حكومەت و سەرجەم وەزیرەكانیش مووچەی مانگێك دەبەخشن.
نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر بنەمای بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران و بەدەنگەوەهاتنی راسپاردەكانی مەرجەعیەتی شیعەو خواستی رۆڵەكانی گەلی عیراق بۆ هاوكاریكردنی گەلی لوبنان و دانیشتووانی كەرتی غەززە، بڕیاردرا لەڕێگەی كردنەوەی دوو هەژماری بانكی لە بانكی بازرگانیی عیراقی (TBI)، هاوكاری دارایی هاوولاتیان و كۆمپانیاو دامەزراوەكان و بازرگان و سەرجەم پێكهاتەكانی كۆمەڵگە، كۆبكرێتەوە، بۆئەوەی باری سەرشانی لوبنان و كەرتی غەززە لەم دۆخە ناهەموارەی ئێستایان سووك بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەك دەستپێشخەرییەك، هەریەك لە سەرۆكوەزیران و سەرجەم وەزیرانی حكومەتی عیرق، مووچەی یەك مانگیان لەڕێی ئەو دوو هەژمارە بانكییە بە گەلی لوبنان و دانیشتووانی كەرتی غەززە ببەخشن.