سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: سەرژمێریی دانیشتووان هەلێکی مێژووییە

عێراق

پێش 3 هەفتە     ژمارەی بینراو 153

راچڵەکین
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرژمێریی دانیشتووان هەلێکی مێژووییە بۆ بە بەڵگەکردنی راستی دۆخی کۆمەڵگە و ئابووری عێراق.

مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، داوا لە سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق دەکەن کە بەشداری پڕۆسەی سەرژمێریی بکەن، چونکە سەرژمێری بەشدارە لە بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراق.

دەشڵێت، سەرژمێری داتابەیسێکی ورد لەبارەی دانیشتووان دەدات بەدەستەوە، ئەوەش وادەکات بتوانرێت ئاسانتر چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت کە رووبەڕووی هاوڵاتیان دەبنەوە و خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بە دانیشتووان بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو رێکارە وا دەکات حکومەت ئەوەی بۆ روونببێتەوە کە چ ناوچەیەک رێژەی هەژاری تیایدا زیاترە یانیش رێژەی بێکاری و ئاستی خزمەتگوزارییەکانی چۆنە، بەوەش دەتوانرێت خزمەتگوزاری زیاتریان پێشکەش بکرێت.

داواش دەکات، هاوڵاتیان سەرجەم زانیارییەکان بە راستی دروستی بدەنە بژمێرەکان.

ئەمساڵ پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدەدرێت، کە لە ساڵی ١٩٥٧ـەوە ئەوە شەشەم پڕۆسەی سەرژمێری فەرمیی و گشتییە، بڕیارە کۆتا قۆناغی پڕۆژەکەش ١٥ی مانگی داهاتوو کۆتایی پێبێت.

هـ.ئـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن