راچڵەکین-
دڵشاد شەهاب ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی رایگەیاند، لەمڕۆوە پارتی سەردانی سلێمانی دەکات بە مەبەستی سەردانکردنی لایەنەکان و گفتوگۆکردن بۆ پێکهێنانی حکومەت.
وتیشی، هەر لایەنێک ئەمڕۆ فریانەکەون سەردانیان بکەن ئەوا لە رۆژانی داهاتوودا سەردانیان دەکەن.
ئەوەشی خستە روو، دەرگای پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنێک کراوە دەبێت، هیچ مەرجێکی پێشوەختە بۆ دانیشتن و پێکهێنانی حکومەت نییە و قۆناغێکی هەستیارە.
دەشڵێت، "دەبێت هەموومان ئەو بەرپرسیارێتییەی دەنگدەران خستوویانەتە سەرمان دەستوبردی لێبکەین، وەک پارتی ئامانجمان پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و سەرتاسەرییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومڕانی و حکومەت بەڕێوەبردن بۆ پارتی کارێکی غەریب نییە، ئامانجی بەرەوپێشچوونمان لە حکومڕانیدا هەیە".
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم فەرمانێکی هەرێمی دەرکرد بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و بڕیارە رۆژی ٢ی مانگی داهاتوو کە دەکاتە دووشەممەی هەفتەی ئاییندە، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
هـ.ئـ