سوپای رووسیا زیانێكی گەورە بە هێزەكانی ئۆكراینا دەگەیەنێت

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 213

راچڵەكین -

سوپای رووسیا لە پێشڕەوییەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی خاكی كۆماری دۆنێتسك بەردەوامەو لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا دەستی بەسەر دوو ناوچەی دیكەدا گرت، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات، لەماوەی هەفتەیەكدا زیاتر لە 12 هەزارو 600 سەربازی ئۆكراینای لە بەرەكانی جەنگ كوژراون. 

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا، نوێترین زانیاریی لەبارەی پێشڕەوییەكانی سوپای وڵاتەكەی لەشەڕی دژ بە هێزەكانی ئۆكراینا لەسنووری دۆنێتسك بڵاوكردەوەو رایگەیاند، هێزەكانیان لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا دوو شارۆچكەیان لەدەست هێزەكانی ئۆكرانیا دەرهێنا.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەمیانی شەڕو پێكدادانەكانی 24 كاتژمێری رابردوودا سەدان سەربازی ئۆكراینی كوژراون و زیانێكی گەورەش بە چەك و جبەخانەكانیان گەیشتووە.

ئاشكراشكردووە، لەماوەی یەك هەفتەدا سوپای رووسیا پێنج شارۆچكەی گرنگی و ستراتیجییان لە كۆماری دۆنێتسك كۆنترۆڵكردووەو زیانەكانی سوپای ئۆكرایناش زیاتر لە 12 هەزارو 600 كوژراو بووە.

لەماوەی مانگێكدا سوپای رووسیا دەیان شارۆچكەو گوندو ناوچەی نیشتەجێبوونی لەسنووری كۆماری دۆنێتسك كۆنترۆڵكردووەو پلانیشیان هەیە تا كۆتایی ئەمساڵ، تەواوی خاكی ئەو كۆمارە كۆنترۆڵ بكەن، كە تائێستا بەشێكی لەژێر دەسەڵاتی ئۆكراینادا ماوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە بەرپرسانی ئۆكراینا رەخنەی توند ئاڕاستەی وڵاتە هاوپەیمانەكانیان دەكەن بەهۆی جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانیان كە پێیان دابوون بۆ دابینكردنی چەك و تەقەمەنیی زیاتر، هۆشداریی ئەوەشیاندابوو ئەگەر بە پەلە چەكی پێویستيان بەدەست نەگات، هێزەكانیان چیتر ناتوانن لە بەرەی دۆنێتسك بەرگریی بكەن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن