راچڵەكین -
رووسیاو ئێران نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر دۆخی ئێستای سووریا دەردەبڕن و راشیدەگەیەنن، بەهەموو توانایانەوە پشتیگری لە حكومەتی دیمەشق دەكەن بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكەی.
ئەمڕۆ شەممە، هەریەك لە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیاو عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداو تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ئێستای سووریا كرد، كە دووچاری هێرشێكی گەورەی گروپە تیرۆرستییەكانی لایەنگری توركیا بووەتەوەو بەهۆیەوە بەشێكی زۆر لە پارێزگای حەلەب و ئیدلب و چەند ناوچەیەكی دیكەیان داگیركردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان لاڤرۆڤ و عیراقچی ئاشكراكرد كە هەردوولا بە نیگەرانییەوە لە باردۆخی ناوخۆی سووریا دەڕوانن و جەختیشیان كردەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگی نێوان رووسیاو ئێران و توركیا بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئەستانەو دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ دۆخی ناوخۆی سووریا.
وەزیرانی دەرەوەی رووسیاو ئێران رایانگەیاند، بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی لە سەربەخۆیی و یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەن و پشتگیرییش لە حكومەتی دیمەشق دەكەن لە شەڕی دژ بە گروپە تیرۆریستییەكان.
لەچەند رۆژی رابردوودا، گروپە تیرۆریستییەكانی لایەنگری توركیا، هێرشێكی فراوانیان كردە سەر شارەكانی حەلەب و حەما لە سووریا و هێزەكانی سوپای سوریاش بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ، لەو دوو شارە كشانەوە.