راچڵەکین-
وهزیری دهرهوهی توركیا دوای كۆبونهوهی لهگهڵ وهزیری دهرهوهی عێراق له بهغدا رایگهیاند، باسی دۆخی سوریایان كردووه و كۆكن لهسهر ئهوهی دهبێت له سوریا ههنگاوێك بنرێت کە زیان به توركیا و عێراقیش نهگات. هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراقیش وتی، "عێراق و توركیا له زۆر بابهت و پرسدا هەماهەنگن و هاوکاری یەکترین".
ئەمڕۆ یەکشەممە، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای ئەوەی گهیشته بهغدای پایتهخت لهگهڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبوونهوه و لهبارهی چهند پرسێك گفتوگۆیان كرد، دواتر پێكهوه كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیان ئهنجامدا، فیدان داوایكرد كه عێراق پهیوهندییهكی بههێز لهگهڵ دهسهڵاتدارانی سوریا دابمهزرێنێت.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا لەدوای تەواوبوونی کۆبونەوەکەی لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی رایگەیاند، "سوپاس بۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ قبوڵکردنی بانگهێشتەکە و سەردانکردنی بەغدا، ئەمڕۆ پێشوازیم لە هاوڕێم هاکان فیدان کرد، کە ئەوە یەکەمین سەردانییەتی وەکو وەزیری دەرەوەی تورکیا، پێشتریش چەندین جار سەردانی بەغدا و ناوچەکانی دیکەی کردووە بەڵام بەپۆست و ناونیشانی دیکە و ئێمە شەرەفمەندین کە لەگەڵ ئێمەدایە ئێستا".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەیەکی گرنگ و پڕاکتیکیان هەبووە و پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق گرنگە بۆ هەردوولا و ئەوان لەلایەن خۆیانەوە گرنگی بەو پەیوەندییانە دەدەن لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە چوارچێوەی هەموو وەزارەتەکاندا، ئەم پەیوەندییانە فراوان و گرنگن، بەردەوامن و هەندێک کات هەندێک کێشەی لێدەکەوێتەوە و پڕەنسیپی ئەوان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێشانە بریتییە لە گەیشتن بە چارەسەرێک لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندن.
فوئاد حسێن وتیشی، "پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات زۆر بەخێرایی گەشەی کردووە لە ماوەیەکی سنوورداردا، ئەم پەیوەندیە بەردەوام لەگەشەکردندایە و زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی ئابووریی تورکیا بەڵام پێویستیی بازاڕی عێراقیی ئەو رێژەیە دیاریدەکات، ئێمە باسی هەندێک بابەتی ئابووریی و هەروەها ئاومان کردووە، هەردوو وڵات رووبەڕووی گۆڕانکاریی کەشوهەوا بوونەتەوە، سوپاسی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکەم کە بیرۆکەی لیژنەیەکی بۆ گفتوگۆکردنی بەردەوام لەنێوان هەردوولا خستەڕوو لەو چوارچێوەیەدا، گۆڕانکاریی کەشوهەوا و وشکەساڵی هەڕەشە لە عێراق و ئابوریی عێراق دەکات، بۆیە پێویستمان بە کاری هاوبەشە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "لە کۆبونەوەکەماندا باسی هەناردەکردنی نەوتمان کرد لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی جەیهانەوە، ئێمە هیوادارین بگەینە چارەسەری ئەو کێشەیە".
فوئاد حسێن دەشڵێت، "دۆخی ئەمنی و سەربازی بەشێکی گفتوگۆکان بوو، گرنگ بوو لە نێوان هەردوولا، ئێمە پابەندین بەدەستوری عێراق و باوەڕمان بە دەستوری عێراق هەیە کە رێگە نادەین بە هیچ لایەن و رێکخراوێک کە سوود لە خاکی عێراق وەربگرێت و هێرشبکاتە سەر خاکی وڵاتێکی دیکە، لێرەوە باسی ئەو پرسانە و بابەتی سەربازیمان کردوە، هەروەها بوونی سەربازی تورکیامان گەنگەشە کرد لە عێراقدا".
ئەو وەزیرە روونیشیکردەوە، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باس تێیدا لە خاڵە سنووریەکان و باس لە ڤیزای نێوان هەردوو وڵات کرا، کە چۆن وابکرێت ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیانیی عێراقی بکرێت لە وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەوەی سەردانی تورکیا بکەن، هەروەها بوونی کۆمپانیا توورکیەکان و کرێکارانی تورکیا لە عێراق کە پێویستیان بە ڤیزا هەیە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەکەدا وتی، "پێشتر بە ئەرکی دیکەی جیاواز بەردەوام سەردانمان بۆ بەغدا و عێراق هەبووە، لە عێراق دۆستان و هاوڕێی زۆر باشمان هەن و لە رابردوودا ساڵانێک پێکەوە کارمان کردوە، لە دیالۆگەکانماندا پێکەوە هەماهەنگیمان هەبووە، ئێستا وەکو ئەرکی نوێم و وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوڕێ خۆشەویستەکانمان ئێمە کێشەکانمان تاوتوێ دەکەین و بە رۆحییەتی جیاوازەوە کاردەکەین و خۆشحاڵم".
ئەوەشی خستەڕوو، "عێراق ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین گرنگی پێدەدەین و بۆمان لە پێشینەیە، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و پاراستنی سەروەرییەکەی یەکێکە لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێمە ئەم هەڵوێستە هەروەکو چۆن هەمانبووە پارێزگاریی لێدەکەین، ئامانجی هاوبەشمان ئەوەیە کە عێراق ئارامبێت لە ناوچەکەدا، بێگومان ئارامیی عێراق رۆڵی باشی دەبێت لە سەقامگیریی تورکیا، بۆیە پشتیوانی لە کابینەی بەڕێز سودانی دەکەین و ئەو هەوڵانە بەرز دەنرخێنین کە بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق داویەتی".
هاکان فیدان وتیشی، "بابەتی زۆرمان باسکرد لەسەرووی هەموویانەوە بابەتی تیرۆر، پەکەکە دوژمنی هاوبەشی ئێمەیە و پێویستە رێگەی پێنەدرێت ناکۆکی بخاتە ناو پەیوەندیەکانمانەوە و پەکەکە شەنگال، مەخمور و قەندیل و سلێمانی داگیرکردووە و لەنێوان عێراق و تورکیا رێڕەوێکی دروستکردووە بەشێوەیەک دەیەوێت بڵێت حساب بۆ سنور ناکەین، ئێمە پشتیوانی لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە لەلایەن عێراقەوە دەکەین و چاوەڕوان دەکەین کە عێراق پەکەکە وەکو رێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنێت".