تیمێکی پزیشکی عێراق سەردانی ئەم کارگانە دەکات

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 267

راچڵەکین-

دوای ئەوەی دەنگۆیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی تایبەت بە پەلەوەر لە بەشێک لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە و کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێم بڵاوبوویەوە، بەهۆیەوە هەناردەکردنی مریشک و هێلکە بۆ پارێزگاکانی عێراق قەدەخەکرا، بۆ ئەومەبەستەش تیمێکی تەکنیکی پزیشکی لە بەغداوە سەردانی کارگەکان و کێڵگەکانی سلێمانی دەکەن و بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە دەدەن. 

ئەمڕۆ دووشەممە، موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەیەوە رایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ چارەسەری كێشەی كارگەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە لە سلێمانی و دەورووبەری کردووە و بۆ ئەومەبەستەش لەگەڵ میساق عەبدولحوسێن، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەوەتەوە و لەوبارەیەوە گفتوگۆیان کردووە.

موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بوونی ڤایرۆسێکی تایبەت بە پەلەوەر لە ناوچەکانی کوردستان، راستەوخۆ حکومەتی عێراق هاوردەکردنی مریشک و هێلکەی لە هەرێمی کوردستانەوە قەدەخەکرد، بەڵام بەپێی ئەو بەداواداچوونەی کە کردوویانە ئەو ڤایرۆسە کێڵگە پەلەوەرییەکان و کارگەکانی بەرهەمهینانی هێلکەی لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە نەگرتووەتەوە.

موسەننا ئەمین باسی لەوەش کرد، دوای ئەوەی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەسەرخەت بوون بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی ڤایرۆسەکە تێیاندا بڵاونەبۆتەوە بەدەربکرێن لەو بڕیارە و هاوردەکردن لێیانەوە ئاسایی بکرێتەوە ئەوانیش بەڵێنیاندا بەڕێگەی پشکنینی زانستی چارەسەری ئەو بابەتە بکەن، بۆیە لەسەر ئەو پرسە بە جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە لای بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ میساق عەبدولحوسێن، بریکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەڵێنی ئەوەی داوە لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا تیمێک دەنێرن بۆ پشکنێنی هێڵکە لە سلێمانی، ئەگەر پشکنینەکە پاک دەرچوو ئەوە رێگە بۆ هەناردەکردنی هێلکە لە کارگەکانی سلێمانی بۆ شارەکانی عێراق دەکرێتەوە. 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن