بەهای پشکی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم بەرز دەبێتەوە

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 267

راچڵەکین-

دوای تێپەڕبوونی 23 مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، جارێکی دیکە بەهۆی بڕیاری دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، بەهای پشکی ئەو کۆمپانیایانەی کە کار لە کەرتی نەوتی هەرێمدا دەکەن بەرز بووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، دوای ئەوەی رۆژی 2ـی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کرد و بەپێی هەموارەکە هەناردەی نەوت دەست پێ دەکاتەوە بەهای پشکی ئەو کۆمپانیا گەورە بیانییانەی لە کەرتی نەوتی هەرێم وەبەرهێنان دەکەن لەنێوان 1 بۆ 13دۆلار بۆ هەر پشکێکیان بەگوێرەی قەبارەی بەرهەمهێنانیان بەرزبووەتەوە. 

هاوکات لەدوای پەسەندکردنی هەموارەکە، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی بۆ 13 دۆلار و 87 سەنت بەرز بووەوە، پێشتر بەهاکەی 11 دۆلار و 89 سەنت بوو، هەروەها دی ئێن ئۆ لە هەردوو کێڵگەی تاوکێ و باشیک کاردەکات و بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی نەوت. 

بە هەمان شێوە، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە 57 دۆلارەوە بۆ 70 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەو کۆمپانیایە لە کێڵگەکانی تەق تەق، تاوکێ، فیشخاپور و سەرتا نەوت بەرهەم دەهێنێت.

چاوەڕان دەکرێت لەگەڵ دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، بەهای پشکی ئەو کۆمپانیانە زیاتر بەرز بێتەوە و بەوەش قازانجی کۆمپانیاکان زیاتر بێت و وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمدا زیاتر بکەن لەماوەی ئەمساڵدا. 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن