سبەی لەچەند پارێزگایەك دەكرێتە پشووی فەرمی

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 981

راچڵەكین -

وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە راگرتنی كاركردن بە یاسای لێبوردنی گشتی، پارێزگاكانی نەینەوا، ئەنبارو سەڵاحەدین بڕیاریاندا سبەی دەوامی فەرمی رابگرن و پشوویان راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، دیوانی هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین، بڕیاریاندا وەك ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی، بە راگرتنی كاركردن بە یاسای لێبوردنی گشتی، كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكرابوو، سبەینێ بكەنە پشووی فەرمی و دەوامی سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت رابگرن.

هاوكات، محەمەد نوری، پارێزگاری ئەنبار لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەك كاردانەوەیەكی ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، بڕیارماندا بۆماوەی سێ رۆژ پشووی فەرمی لەسەرجەم فەرمانگەو دامەزراوەكانی دەوڵەت، جگە لە دەزگا ئەمنی و تەندروستییەكان و شارەوانی، رابگەیەنین.

كاردانەوەی ئەو سێ پارێزگایە زۆرینە سوننەیە، دوای فەرمانە وەلائییەكەی دادگای باڵای فیدراڵی دێت كە ئەمڕۆ دەریكرد بۆ راگرتنی كاركردن بە یاساكانی باری كەسی، گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان و لێبوردنی گشتی، كە رۆژی 21-1-2025 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرابوو. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن