راچڵەكین -
پۆلیسی هەولێر، دەستگیركردنی گیڤارا یاخی و زەردەی پێ پان-ی راگەیاند كە لەماوەی یەك شەودا دزییان لە چوار ماڵی جیاوازدا كردبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هەردوو تۆمەتبار بە ناوەكانی (س. ش. ك) و (د. د. ح) لە ماوەی یەك شەودا چوار تاوانی دزییان لە چوار ماڵی جیاواز ئەنجام دابوو، لە كۆی هەر چوار دزییەكەدا بڕی 25 مسقاڵ ئاڵتوون و زیاتر لە 3500 دۆلار و دوو مۆبایل و یەك ئایپادیان دزیبوو.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، لەكاتی ئەنجامدانی تاوانی دزیكردن لە یەكێك لە ماڵەكان، هەردوو تۆمەتبار بە چەك هەڕەشەیان لە خاوەنی ماڵەكە كردبوو، بۆیە دوای تۆماركردنی سكاڵا و وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، هێزەكانی پۆلیس توانییان تۆمەتباران دەستگیر بكەن و لە كاتی دەستگیركردنیشیاندا چەكی بێ مۆڵەتیان لابوو و دەست بەسەر چەكاكانیشدا گیرا.