راچڵەكین -
وڵاتێكی ئەوروپای دراوسێی رووسیا، داوا لە ئەمریكا دەكات چەكی ئەتۆمی لەسەر خاكی وڵاتەكەی جێگیر بكات.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی فاینانشال تایمز-ی ئەمریكی، ئەندریێ سباستیان دودا، سەرۆكی پۆڵەندا لەمیانی دیدارێكی لەگەڵ كیت كیلۆگ، راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ئۆكراینا، پرسی جێگیركردنی چەكی ئەتۆمی ئەمریكایان لەسەر خاكی پۆڵەندا تاووتوێ كردووە، بەڵام هیچ بەڵێنێكی لەوبارەیەوە پێنەدراوە.
سەرۆكی پۆڵەندا بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت ئەو چەكە ئەتۆمییانەی لە ئەمریكا یان لە رۆژئاوای ئەوروپا جێگیركراون، بهێنێتە خاكی پۆڵەندا.
داواكارییەكەی سەرۆكی پۆڵەندا كە وڵاتەكەی دراوسێی رووسیایە، تائێستا لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە وەڵام نەدراوەتەوە، مۆسكۆش بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو بابەتە رانەگەیاندووە.