ڕاچڵەکین سپۆرت -
بەرشەلۆنە و هاندەرانی چەند هەواڵێکی خۆشیان پێگەیشت پێش یارییەکەی داهاتووی ئیلکلاسیکۆ بەرامبەر ڕیال مەدرید لە خولی ئیسپانیا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەموو هاندەرانی بلاوگارانا لە ئێستادا دڵخۆش نین بەهۆی دەرکردنیان لە چامپیۆنزلیگ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاهێنانە بە کۆمەڵەکانی بەرشەلۆنە، ئەلیخاندرۆ باڵدی بەرگریکاری چەپ بەشداری لە بەشێک لە ڕاهێنانە بەکۆمەڵەکانی یانەکەی کرد، ئەمەش مانای وایە نزیکە لە چاکبوونەوەی تەواوەتی لە پێکانەکەی.
باڵدێ لەسەر ڕێگای چاکبوونەوە و وەرگرتنی مۆڵەتی پزیشکییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەگەڵ یاریزانانی بەرشەلۆنە بەشداری یارییەکان بکات، کە پێشبینی دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا پێش ئیل کلاسیکۆ ڕووبدات.
ئەو یاریزانە لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی پێکانەوە لە پێکهاتەی هانسی فلیک ئامادەنەبووە، بەڵام گرفتەکانی تێپەڕاندووە و خۆی ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنەوەی شوێنی خۆی لە پێکهاتەکەدا بۆ چوار یاریی کۆتایی ئەم وەرزە.
یانەی بەرشەلۆنە ئامانجی ئەوەیە لە یارییەکەی یەکشەممەی ئیل کلاسیکۆ لە یاریگای مۆنتجویک شکست بە ڕیال مەدرید بهێنێت و جێگەی خۆی لە پێشەنگی قایمتر بکات و تا ڕادەیەک لە نازناوەکە نزیک ببێتەوە.