راچڵەكین-
سەرچاوەیەكی حكومی عیراق نهێنییەكانی پشت ئازادكردنی ئەلیزابێس تسۆركۆڤ، توێژەری رووسی- ئیسرائیلی ئاشكرا دەكات، دوای رفاندنی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لەلایەن گروپە چەكدارییەكانی عیراق كە زیاتر گومانەكان لەسەر كەتیبەكانی حیزبوڵای عیراقی بوون" بەڵام كەتائیبی حیزبوڵای عیراق رەتیكردەوە، تسۆركۆڤ لەلای ئەوان بێت."
پێگەی ئیرم نیوز بڵاویكردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا 10 رۆژ پێش ئازادكردنی تسۆركۆڤ، لەڕێی نێردراوێكەوە، نامەیەكی بۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق ناردووە كە تیایدا بەزمانێكی توند هەرەشەی كردووە كە 15 مۆڵگەی حەشدی شەعبی لە بەغدادو چەند شارێكی تر بكاتە ئامانج ئەگەر لەماوەی هەفتەیەكدا تسۆركۆڤ ئازاد نەكرێت. ( لەنامەكەشدا ئەو مۆڵگانەی حەشدی شەعبی دەستنیشانكراون كە دەكرێنە ئامانج).
بەووتەی ئەو سەرچاوەیە، سودانی دەستبەجێ دەستی بە جموجۆڵ كردووەو، جدیبونی هەڕەشەكانی بۆ سەركردەكانی حەشدی شەعبی خستووەتەڕوو، هاوكات (واسق بەتات)ی راوێژكاریی رەوانەی لای (ئەبو حسێن ئەلحمێداوی) ئەمینداری گشتی كەتائیبی حیزبوڵای كردووەو، جەختی لەسەر پێویستی كۆتایی هێنان بەو قەیرانە كردووەتەوە بەهۆی كاردانەوە مەترسیدارەكانی بۆ سەر عیراق.
سەرچاوەكە بە ئیرم نیوز-ی راگەیاندووە، حمێداوی دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك پەیوەندی ناوخۆیی و دەرەكی، ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئازادكردنی تسوركۆڤ لەچوارچێوەی رێككەوتنێك لەبەرامبەر ئازادكردنی كاپتن (عیماد ئەمهەز) ئەندامی حزبوڵای لوبنانی و چەند كەسێكی تر لە لایەن ئیسرائیلەوە، هاوكات داوایكردووە كوڕەكەیی و ژمارەیەك لەئەندامانی كەتائیبی حیزبوڵا ئازاد بكرێن كە دوای رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداری لەگەڵ پۆلیسی عیراق لە باشوری بەغداد، بەهۆی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرێكی گشتی فەرمانگەی كشتوكاڵی بەغداد، دەستگیركران و بەهۆی رووبەڕووبوونەوەكە ئەفسەرێك و كارمەندێكی پۆلیس و شۆفێرێك كوژران.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پاساوە یاساییانەی بۆ هێرشكردنە سەر عیراق لە ساڵانی 1991 و 2003 بەكارهێندرابوون، وەك پەیامێكی پشتیوانی ترەمپ بۆ سودانی ئەژمار دەكرێت، دوای سەركەوتنی ئەمەی دوایی بەكۆتایی هێنان بەقەیرانی تسۆركۆڤ.
تسۆركۆڤ، هاوڵاتییەكی رووسی - ئیسرائیلییە و خوێندكاری دكتۆرایە لە پسپۆڕی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئاداری ساڵی 2023 لە بەغداو لە دۆخێكی گوماناویدا دیارنەما و دواتر پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپە چەكدارەكان درێژكرا.
تسوركۆڤ، دواهەمین توێژینەوەی تایبەت بووە بە گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا، كە لە سووریان.