سەرۆكی پێشووی وڵاتێكی عەرەبی بە 15 ساڵ زیندانیكردن سزا دەدرێت

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 829

راچڵەكین -

دادگای باڵای مۆریتانیا سزای 15 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر سەرۆكی پێشووی وڵاتەكە پەسەندكرد كە لەمانگی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن دادگاییەكی تایبەت بە دۆسیەكانی گەندەڵی، بەتاوانی گەندەڵی دارایی بەسەریدا سەپێندرابوو.

میدیاكانی مۆریتانیا بڵاویانكردەوە، محەمەد ولد عەبدولعەزیز، سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە دوای ئەوەی مانگی ئایاری ئەمساڵ بەتاوانی گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، سزای 15 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سپاند، ئەمڕۆ سێشەممە 4-11-2025، سزاكە لەلایەن دادگای باڵای مۆریتانیاوە پەسەندكرا و سیفەتی كۆتایی وەرگرت.

محەمەد ولد عەبدولعەزیز، كە لەنێوان ساڵانی 2009 - 2019، سەرۆكی مۆریتانیا بوو، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی كرابوون، لەوانەش گەندەڵی دارایی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە داراییەكانی وڵات لەلایەن كوڕ و زاوا و كەسە نزیكەكانییەوە،  ناچار بوو دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت.

سەرۆكی پێشووی مۆریتانیا، كە ساڵی 2023 بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە باندێكی جیهانیی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و زۆربوونی نایاسایی سامانەكەی، لەلایەن دادگایەكی وڵاتەكەی بە 20 ساڵ زیندانیكردن حوكمدرا، بەڵام سزاكەی هەمواركرایەوەو كاری پێنەكرا، دوای تەواوبوونی سەرجەم رێكارەكان، بە 15 ساڵ زیندانیكردن و سزای دارایی نزیكەی چوار ملیۆن دۆلار، سزای كۆتایی بەسەردا سەپێندرا.

هەر لەسەر ئەو كەیسە، دادگای مۆریتانیا، سزای دوو ساڵ زیندانیكردنیشی بەسەر زاوایەكی سەرۆكی پێشووی مۆریتانیادا سەپاند بەتاوانی گەندەڵی دارایی، هەروەها دامەزراوەیەكی خێرخوازیشی هەڵوەشاندەوە، كە خاوەندارییەتەكەی بۆ كوڕێكی محەمەد ولد عەبدولعەزیز دەگەڕێتەوە، ئەویش بەتاوانی سپیكردنەوەی پارە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن