راچڵەكین-
پێدانی ئۆتۆمبێل بەشێوازی قیست بەمامۆستایانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوەوبەرپرسێكی یەكێتیی مامۆستایانیش مەرجەكان ئاشكرا دەكات.
ئاودێر حەننا، ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاندووە، ئۆفەرێك هەیە بۆ مامۆستایان تاوەكوو لە رێگەی كارتی بانكی (هەژماری من) ئۆتۆمبێل بدرێتە مامۆستایان:" كۆمپانیای جیلی (GEELY) بۆ ئۆتۆمبێل، لە ئۆفەرەكەیان لە رێگەی ئێمە بۆ مامۆستایانی هەرێمی كوردستان كردووە."
"مەرجی سەرەكی ئەوەیە كەسەكە مامۆستا بێت و پشتگیریی لە یەكێتیی مامۆستایان بۆ بكرێت و كارتی بانكی (هەژماری من) لە بانكی جیهان هەبێت و دوو كەفیلی هەبێت لە كەرتی تایبەت و كەرتی حكوومی، دەكرێت هەردووكیش حكوومی بن و مووچە دیاری نەكراوە." بەرپرسەكەی یەكێتی مامۆستایان وای بەمیدیای نزیك لەپارتی راگەیاندووە.
بەگوێرەی لێدوانی حەننا بێت، مامۆستایان دەتوانن دووجۆر ئۆتۆمبێل رابكێشن كە نرخەكانیان لەنێوان 22 ملیۆن و 500 هەزار دینار 19 ملیۆن و 600 هەزار دینارە و پێشەكی 5 ملیۆن دەدەن و بڕەكەی دیكەش دابەشی سەر پێنج ساڵ دەكرێت، واتا قیستەكان لە ماوەی پێنج ساڵ دەدرێنەوە.
" بۆ خەڵكی ئاسایی 10% زیادەی بانكی وەردەگیرێت، بەڵام داشكان بۆ مامۆستایان كراوە و رێژەكە كراوەتە 8% و ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەش بەخۆڕاییە."
ئاودێر حەننا، ئاماژەی بەوەكرد: "ئێمە هەوڵمان دا كەفیل لابدرێت، ئەوە نەكرا، بەڵام سەرجەم ئەندامانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەتوانن، ئەوانەی لە بانكی جیهان مووچەكانیان وەردەگرن، سوودمەند بن لەم ئۆفەرە هەروەها مامۆستایانی گرێبەستیش دەتوانن سوودمەند بن."
سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستپێكردنی مامەڵەكە، ئەندامەكەی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایان وتی: "سەرەتا مامۆستاكە سەردانی ئێمە دەكات و پشتگیری پێ دەدەین و دەچێتە كۆمپانیا و مامەڵەكانی بۆ دەكرێت و گرێبەستی بۆ دەكرێت و ئۆتۆمبێلەكەی پێ دەدرێت، ئێستا ئۆفەرەكە دەستی پێكردووە و مامۆستایان دەتوانن سەردانمان بكەن."