راچڵەكین - سپۆرت
یەكێتیی تۆپی پێی ئێران حەوت مەرج بۆ بەشداریكردنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی لە یارییەكانی كۆتایی جامی جیهانی دادەنێت، لەوانەش پێدانی ڤیزا بەسەرجەم یاریزانان و تیمی هونەریی هەڵبژاردەكە بەبێ هیچ گرفتێك.
مەهدی تاج، سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی ئێران لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی وڵاتەكەی، رایگەیاند: حەوت مەرجمان دیاریكردووە بۆ بەشداریكردنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە یارییەكانی كۆتایی جامی جیهانی، كە بڕیارە مانگی داهاتووو لەهەرسێ وڵاتی ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك بەڕێوەبچێت.
مەرجەكانیش بریتین لە:
پێدانی ڤیزا بە سەرجەم یاریزانان و تیمی هونەریی هەڵبژاردەی ئێران بەبێ هیچ گرفتێك، بەتایبەتیش ئەوانەی لە ریزەكانی سوپای پاسداران خزمەتیان كردووە، لەوانە مەهدی تاڕمی و حاج وەسفی. هەروەها نابێ یاریزانانی ئێرانی لەكاتی گەیشتینان بۆ ئەمریكا هیچ جۆرە پرساندن و لێكۆڵینەوەیەكیان لەلایەن پۆلیسەوە لەگەڵدا بكرێت.
مەرجێكی دیكەی یەكێتی تۆپی پێی ئێران، گرتنبەری رێوشوێنی توندی ئەمنییە هەر لە فڕۆكەخانەوە تا ئەو هۆتێلەی كە تیمە ئێرانییەكە لێی دادەبەزن، ئەمەش لەپێناو پارێزگاریكردن لە یاریزانان و رێگریكردن لە روودانی هەر كردەوەیەكی دوژمنكارانە.
یەكێتی تۆ پێی ئێران مەرجی ئەوەشی داناوە لەكاتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی هەڵبژاردەكەیان، جگە لە ئاڵای فەرمی نابێ رێگە بە هێنانی هیچ ئاڵایەكی دیكە بۆناو یاریگا بدرێت، هەروەها دەبێ لە هەموو یارییەكانی هەڵبژاردەكەدا سرودی نیشتمانیی ئێران بەشێوەیەكی تەواو و بێ قرتاندن پەخش بكرێت.
مەرجی حەوتەمیش ئەوەیە دەبێ پرسیاری رۆژنامەنووسان لەكاتی كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكاندا، تەنها تایبەت بێت بە لایەنی وەرزشی و پرسیاری سیاسی نەكرێت.