سێ زلهێزەكەی ئەوروپا پاڵەوانێتییەكی دژبە كۆرۆنا رێكدەخەن

وەرزش

19/05/2020     ژمارەی بینراو 341

راچڵەكین-

هەریەك لە یانەكانی ریال مەدرید، بایەرن میونخ و ئینتەر میلان، بەمەبەستی پشتیوانییكردنی كارمەندانی تەندروستیی، بڕیاری ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەكی سێقۆڵییان داوە. ‌

لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا كە لەلایەن هەرسێ یانەكەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوه پاڵەوانێتییەكە ساڵی ٢٠٢١ لەژێر ناوی‌ "جامی پشتیوانیی ئەورووپا" سازدەكرێت، یارییەكانی لە شاری میلانۆ، میونخ و مەدرید ئەنجامدەدرێن. 

یانەكان تیشكیان خستووەتە سەر ئەوەی خوازیارن پەیامی "برایەتیی و پشتیوانیی لەنێوان گەلانی ئەورووپادا" بڵاوبكەنەوە و ئەو داهاتانەی كە لە یارییەكان دەستیان دەكەوێت، "دەخرێنە خزمەت سەرچاوە تەندروستییەكانی كارمەندانی تەندروستیی كە قارەمانانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێن". 

لە راگەیەنراوە هاوبەشەكەدا باس لەوەشكراوه،‌ یارییەكانی نێوان سێ یانەكه لە ساڵی ٢٠٢١دا و لە قۆناغێكدا بەڕێوەدەچن كە رێگە بە هاندەران بدرێت بچنە نێو یاریگاكان.

هەروەها لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "لە سەرجەم یارییەكاندا یانەی خاوەن ماڵ، نوێنەرێك لە كارمەندانی تەندروستیی بانگێشت دەكات. وەك هەر سێ یانەكە دەمانەوێت رێز، سوپاس و پشتیوانیی ئەم پاڵەوانانە بكەین".  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن