نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا: ئەو پارەیەی رەوانەکراوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانە

ئابوری

21/05/2020     ژمارەی بینراو 4516

راچڵەکین-

سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا ئاشکرایکرد، ئەو 400 ملیار دینارەی بەغدا رەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە خراوەتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێم. دەشڵێت:"ئەو پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەرانە."

فارس عیسا، ئەمڕۆ پێنج شەممە 21-5-2020، بە راچڵەکین-ی راگەیاند:" دواى ئەوەى دوێنێ حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕى، لە ئێستادا ئەو بڕە پارەیە خراوەتە سەر هەژمارى بانکى هەرێم و لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو 53 ملیار دینارەی دیکەش بنێرێت".

سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا ووتیشی:" ئەو برە پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە و لە هەوڵداین بۆ ئەوەی رێکەوتنی کۆتایی بکەین بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەم کێشانە چارەسەر ببێت."

لە بوودجەی ساڵی 2019ی عێراق مانگانە 453 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرا، بەڵام مانگی رابردوو، ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی دەكرد، بەپاساوی پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ.

مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە ‌و خەرجییەكانی پێویستی بە یەك ترلیۆن ‌و 70 ملیار دینارە، لەوەش نزیكەی 885 ملیار دیناری بۆ مووچە تەرخان دەكرێت. 

دوێنی چوارشەممە 20-5-2020، میدیاکان بڵاویانکردەوە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر ناردنى بڕی 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان داوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن