ئەو نەخۆشخانە ئەهلییەی هەولێر كە كچێك تیایدا گیانی لەدەستدا داخرا

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 191

راچڵەكین-

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو نەخۆشخانە ئەهلییە لەشاری هەولێر دادەخات كە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشێك تیایدا، نەخۆشەكە گیانی لەدەستدا.

ڕۆژی چوارشەممە 2ی ئەیلولی 2026 بەڕێوەبەرایەتی پشكنین و بەدواداچوون لەوەزارەتی تەندروستی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوابەدوای گیانلەدەستدانی نەخۆشێكی ئافرەت تەمەن 21 ساڵ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تایبەت (ئەهلی) لەشاری هەولێر، دەستبەجێ لەلایەن تیمەكانی پشكنین و بەدواداچوون سەردان و بەدواداچوونی مەیدانی كرا، بە پێویستمان زانی بۆ ڕای گشتی ڕایبگەیەنین كەوا:

1- پزیشكی نەشتەرگەر هیچ ڕێگەپێدانی كاركردنی نیە لەو نەخۆشخانەیە.
2- نەبوونی میلاكی ئەو پزیشكە لە لیستی میلاكی ڕێگەپێدراوانی وەزارەت بۆ كاركردنی لەم نەخۆشخانەیە.
3- ئەنجامدانی نەشتەرگەری فریاكەوتن بەبێ بوونی فریاكەوتن و بەبێ بوونی هۆڵی چاودێری چڕ لەم نەخۆشخانەیە.
4- لەبە نەبوونی سەلامەتی نەخۆش و گونجاونەبوونی ئەم نەخۆشخانەیە و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی، دوو مانگە لەسەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە دوو بەفەرمی هۆڵەكانی نەشتەرگەری لەلایەن وەزارەتی تەندوستی داخراوە و بەبڕیار كاركردن تێدا ڕاگیراوە، بەڵام بەداخەوە پزیشكی نەشتەرگەری و پزیشكی سڕكردن و ئیدارەی نەخۆشخانە بەڕێگای دیكەی نافەرمی و بەشێوازی نایاسایی بەدەرگای دیكەی نافەرمی چوونەتە ژرەوە و كاریان كردووە.
5- ئەنجامدەرانی نەشتەرگەری و ئیدارەی نەخۆشخانە، سەرپێچی بڕیاری وەزارەتیان كردووە و پابەند نەبوونە، دەرەنجام نەخۆش گیانی لەدەستداوە.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە بڕگەی لە یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2020 تایبەت بە مافی نەخۆش و پەیڕەوی ژمارە16 ساڵی 2022 تایبەت بە لێكۆڵینەوە، ئەو نەخۆشخانەیە دادەخرێت و ئیدارەی نەخۆشخانە و ئەنجامدەرانی سەرپێچی هەواڵەی دادگا دەكات بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی.

وەزارەتی تەندروستی داوا لە تەواوی نەخۆشخانەكانی ئەهلی و سەنتەر و كۆمەڵگاكانی پزیشكی كەرتی تایبەت پابەندبن بە كاركردن بەپێی بوونی مۆڵەتی بەركار و پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانیش پێویستە بەفەرمی ناویان لە لیستی ڕێگەپێدراوی وەزارەتی تەندروستی هەبێت بۆ كاركردن لەو شوێنەی كاری تێدا دەكات:"بەپێچەوانەوە سەرپێچی یاسیاییە و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر ڕێكارەكانی دادگا."



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن