33 گەنج لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان

کوردستان

47 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 64

راچڵەكین-

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، مامەڵەكانی گەڕاندنەوەی 33 گەنجی كورد كە لەلیبیا گیریانخواردووە تەواو بووە دەگەڕێنرێنەوە.

رۆژی چوارشەممە 2ی ئەیلولی 2026 وەزارەتی ناوخۆ لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر دوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە، ڕێكاری پێویستیان بۆ ڕزگاركردن و هێنانەوەی 33 كۆچبەرەكە گرتووەتە بەرو تەواوی مامەڵەكانیان كۆتایی هاتووەو هەفتەی ئاییندە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیی خۆپارێزیی گەنجان و خانەوادەكانیان دەكاتەوە لە گرتنەبەری ڕێگەی كۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەم جۆرە كۆچە نەك هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات، بەڵكوو دەبێتە هۆی پێشێلكاریی یاساییی وڵاتانی دیكە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت، لە ماوەكانی ڕابردوو، هەندێك لەو گەنجانە بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندیخانەكاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی ڕووبەڕووی مەترسییەكانی مردن بوونەتەوە.

تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی 302 كۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەكان ڕزگار بكات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن