راچڵەكین -
ئەنجومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە) هۆشداری لەبارەی دۆخی ناوخۆی سووریا دەدات بەهۆی گرانكردنی نرخی سووتەمەنی و رەخنەش لە حكومەتی ئەو وڵاتە دەگرێت و رایدەگەیەنێت: پشتگوێخستنی ناڕەزایی جەماوەریی، هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاشتەوایی ناوخۆیی دەكات.
وەك پاڵپشتییەك بۆ خۆپیشاندانی ناڕەزایی كە چەندین ناوچەی سووریای گرتووەتەوە لەدژی گرانكردنی نرخی سووتەمەنی و خراپتربوونی دۆخی بژێوی هاووڵاتیان، ئەنجومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا دەربرینی ناڕەزایی بە مافێكی رەوای هاووڵاتیان وەسفكردووە و داواشیكردووە پارێزگاریی لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە بكرێت و موڵكی گشتی ببپارێزرێت.
مەسەدە رەخنەی توندی لە بڕیاری حكومەتی سووریا گرتووە بە گرانكردنی نرخی سووتەمەنی، كە هێندەی تر كاریگەریی كردووەتە سەر دۆخی ئابووری هاووڵاتیان كە لە بنەڕەتدا لە دۆخێكی سەختی بژێویدان، راشیگەیاندووە دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا، بە دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان و بەرەپێشبردنی بەرهەمی ناوخۆیی دەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە خەرجییە حكومییەكان كەمبكرێنەوە و سامانی گشتییش بپارێزرێن.
ئەنجومەنی سووریای دیموكرات، هۆشداریی لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكانی هاووڵاتیانی سووریا داوە و داوایكردووە حكومەت بە پەلە بەدەم داخوازییەكانی خەڵكەوە بچێت و گرفت و قەیرانەكان چارەسەر بكات، هۆشداریشیداوە لەئەگەری پشتگوێخستنی داواكارییەكان، سەقامگیری وڵات و ئاشتەوایی ناوخۆیی رووبەڕووی مەترسیی دەبێتەوە.
ماوەی چەند رۆژێكە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە زۆربەی شار و ناوچەكانی سووریا دەستی پێكردووە لەدژی گرانكردنی نرخی سووتەمەنی لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتە و خۆپیشاندەران داوای رووخاندنی دەسەڵات دەكەن.