خوێندنی باڵا وادەی كاراكردنی زانكۆلاین ئاشكرا دەكات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 255

راچڵەكین -

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت لە سبەینێوە زانكۆلاین بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی كارا دەكرێت و ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پڕۆسەی پێشكەشكردن بۆ وەرگرتنی دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و لە سبەینێوە پێنجشەممە ڕێكەوتی (17/ ئەیلولی/ 2026) سەعات 8:30ی سەرلەبەیانی، زانكۆلاین بۆ ماوەی (هەشت) ڕۆژ تاكو ڕێكەوتی (24/ ئەیلولی/ 2026) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی كارا دەبێت.

لەو بارەیەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی د. خەتاب ئەحمەد شێخانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند" لە سبەینێوە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 17/ئەیلولی/2026 وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی، نێودەوڵەتییەكان)، تا ڕۆژی 24/ ئەیلولی/2026، واتە بۆ ماوەی (هەشت) ڕۆژ كارا دەبێت، بەوەش دەرچوان لەو ماوەیەدا دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان پڕبكەنەوە و پێشكەشی بكەن، هەروەك دەرچوان دەبێت سەردانی خوێندنگەكانی خۆیان بكەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (Username) و (Password).

د. خەتاب شێخانی وتیشی؛ بۆ بەرچاوڕونی زیاتری دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی و ئاشنابونیان بە سیستمەكانی وەرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتی (www.regayzanko.com)  بكەن و ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەك بنچینەیەك بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكانیان، هەروەها دەتوانن سەردانی مەڵبەندەكانی ڕاوێژكاری زانكۆكان بكەن بۆ وەرگرتنی ڕونكردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتیی پڕكردنەوەی فۆرمی وەرگرتن به ‌سیستمە جیاوازەكان، ئەمەش دەرەفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچوان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشكەش بكەن، ئاگاداری وردەكارییەكانی سیستمەكە بن و هەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەكان پڕبكەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەكەن كە فەرمی نین و تەنها بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەكەنەوە، چونكە وەزارەت بەرپرس نیە لەهەر هەڵەیەك لەكاتی پڕكردنەوەی فۆڕمەكانیان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانكۆكان بەپێی ڕیزبەندی ئەو كۆلێژ و بەشانە دەبێت كە دەرچوان لە زانكۆلاین پێشكەشی دەكەن بە ڕەچاوكردنی كۆنمرەی خوێندكار/ قوتابی، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو كۆلێژ و بەشانە دیاری بكەن كە ئارەزوو دەكەن خوێندنی تێدا تەواو بكەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانی پۆلی دوانزە لەگەڵ كاراكردنی زانكۆلاین دەست بكەن بە پێشكەشكردن و كارەكانیان دوا نەخەن بۆ كۆتا ڕۆژەكانی زانكۆلاین.

هاوكات وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاشیدەگەیەنێت؛ بۆ ئەمساڵ (40716) دەرچوی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان) لە یەك كاتدا داواكاری بۆ زانكۆلاین پێشكەش دەكەن، بەشێوەیەك (30847) دەرچو لە بەشی زانستی، (7923) دەرچو لە بەشی وێژەیی، (1240) دەرچوی ئامادەییە پیشەیی، (706) دەرچوی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان، داواكاری بۆ (680) بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنی (زانكۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) لە (16) زانكۆی حكومی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكەن.

لە كۆتایدا وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بە هەبونی پەیج و ئەكاونت بەناوی زانكۆلاین و ناوەندی وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافی وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەكاونتێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیە بەناوەكانی زانكۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان هەر ناوێكی دیكە، بەڵكو تاكە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەكانی ئێمە لەڕێگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بەم ناونیشانە: (وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی).

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن