ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق ئاشكرا دەكات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 95

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا جەختیكردەوە كە پێویستە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لەسەر بنەمای دەستوور دابڕێژرێت و پشك و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ڕوون و دادپەروەرانە جێگیر بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16 ئەیلوولی 2026، بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، هەر یەك لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە، ڕاپۆرتێكیان سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی وەزارەتەكانیان بۆ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2027-2026 پێشكەش كرد و ئامادەكارییە پەروەردەیی، زانستی، كارگێڕی و تەكنیكییەكان و پێداویستییە سەرەكییەكانی پرۆسەی خوێندنیان خستەڕوو.

لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا، وەزیری پەروەردە ڕاپۆرتێكی تایبەتی سەبارەت بە بەرنامەی نێودەوڵەتیی هەڵسەنگاندنی قوتابییان (PISA) و ئامادەكارییەكانی وەزارەت بۆ بەشداریی لەم هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییە خستەڕوو، كە ئامانجی هەڵسەنگاندنی توانای خوێندكاران و ئاستی سیستمی پەروەردەیی لە بوارە سەرەكییەكانی خوێندنەوە، بیركاری و زانست و بەراوردكردنی ئەنجامەكان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكانە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی بەشداریكردنی لە PISA و سوودوەرگرتن لە ئەنجامەكانی بۆ ناسینەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەكانی سیستمی پەروەردەیی و داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەكانی چاكسازی و بەرزكردنەوەی كوالێتیی خوێندن كرد.

دوای تاوتوێكردنی ڕاپۆرتەكان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا و بەشێوەیەكی ڕێكخراو كردەوە و ڕاسپاردە پێویستەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشە و كەموكوڕییەكان و دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی قوتابخانە، زانكۆ و دامەزراوەكانی خوێندن دەربڕی.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە نووسراو و بڕیارەكانی ئەمدواییەی حكومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە ئەنجامەكانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونی ساڵی 2024 خستەڕوو، بە تایبەتی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای دانیشتووانی عێراق كە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانی بە %12.68 دیاری كردووە.

ئەنجومەنی وەزیران،، ئەم ڕێژەیە ڕەت دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەنجامی فەرمی و پەسەندكراوی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانی بە %14.14٪ دیاری كردووە.

لە هەمان كاتدا، ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە كە پرۆسەی سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ بەڕێوەچووە و میكانیزم و ڕێكارەكانی ئەو پرۆسەیەش دواتر بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند كراون.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی پلاندانان، وەزارەتی داد و دیوان و سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد، بە هاوئاهەنگی، هەموو ڕێكارە دەستووری، یاسایی و دادوەرییەكان بگرنەبەر بۆ ڕاستكردنەوەی ئەم ڕێژەیە و پابەندبوون بە ئەنجامی فەرمی و پەسەندكراوی سەرژمێری، بەگوێرەی ئەو لێكتێگەیشتن و میكانیزمە هاوبەشانەی كە لەنێوان هەردوو حكومەتدا لەسەر شێوازی ئەنجامدانی سەرژمێری لە ساڵی 2024 ڕێككەوتنیان لەسەر كراوە.

هەروەها، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دیاریكردنی ڕێژەی ڕاست و فەرمیی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، بابەتێكی بنەڕەتییە؛ چونكە ئەم ڕێژەیە تەنیا پەیوەندی بە دیاریكردنی پشك و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵ و دابەشكردنی داهات و خەرجییە گشتییەكانەوە نییە، بەڵكوو كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی بەشداری و نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەن و دەستە هەڵبژێردراوە فیدڕاڵییەكان، سەرۆكایەتی و دامەزراوە و دەستە دەستووری و فیدڕاڵییەكان و هەروەها نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی عێراق لە دەرەوەی وڵات هەیە.

لە دوا بڕگەی كۆبوونەوەدا، ئەندامانی شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجامی دوا كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی شاندیان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵی، بە تایبەتی وەزارەتەكانی دارایی، پلاندانان و نەوت، خستەڕوو؛ هەروەها ئەو گفتوگۆیانەی كە لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ گەڵاڵەكردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی داراییی 2027 ئەنجام دراون.

شاندەكە وردەكاریی گفتوگۆكان و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ جێگیركردنی پشك و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 خستەڕوو، بە تایبەتی لە بابەتی مووچە و شایستە دارایییەكانی مووچەخۆران، دیاریكردنی پشكی هەرێم، خەرجییە سیادی و حاكمەكان و شێوازی هەژماركردنیان، قەرز و هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان، داهاتی نەوتی و نانەوتی و پشك و بەشداریی هەرێم لە خەرجی، پڕۆژە و بەرنامە فیدڕاڵییەكان.

لە بەشێكی دیكەی ئەم بڕگەیەدا، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەو كۆت و بەند و مەرج و پابەندییانەی ناو بڕگە و ماددەكانی یاساكانی بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی ساڵانی پێشووی خستەڕوو، كە لە جێبەجێكردندا بوونەتە هۆی كەمكردنەوە یان ڕێگری لە بەدەستهێنانی تەواوی شایستە دارایییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژەی بە بەكارهێنانی پێوەری «خەرجكردنی ڕاستەقینە» (الإنفاق الفعلی) لە هەژماركردنی پشكی هەرێم، زیادبوونی بڕگە و قەبارەی خەرجییە سیادییەكان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم خەرجییانە لە كۆی گشتیی خەرجییەكانی دەوڵەت كرد، كە لە ساڵانی پێشوودا كاریگەریی نەرێنییان لەسەر قەبارەی پشك و شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان هەبووە.

هەروەها، ئاماژە بە بەستنەوەی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە جێبەجێكردنی پابەندییە دارایی و نەوتییەكانی حكومەتی هەرێم كرا و جەخت كرایەوە كە مووچە شایستەیەكی دارایی و یاساییی مووچەخۆرانی هەرێمە؛ بۆیە پێویستە ماف و شایستە دارایییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای یەكسانی و بەبێ جیاوازی، هاوشێوەی هاوتاكانیان لە دامەزراوەكانی حكومەتی فیدڕاڵ دابین بكرێت و مووچەكانیان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا خەرج بكرێت.

ئەمەش لەگەڵ ناوەڕۆك و بنەماكانی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی شوباتی 2024 یەكدەگرێتەوە، كە جەخت لەسەر پاراستنی ماف و شایستەكانی مووچەخۆران و یەكسانییان دەكاتەوە و بە ڕوونی جەختی لەوە كردووەتەوە كە ناكۆكیی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم لەسەر جێبەجێكردنی یاسای بودجە، نابێت ببێتە هۆی دواخستن یان پەكخستنی مووچە و شایستە دارایییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران، دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەكان، جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ كردەوە، بەمەبەستی ئەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەكان و بڕیارە پابەندكەرەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دابڕێژرێت و پشك و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ڕوون و دادپەروەرانە تێیدا جێگیر بكرێت. هەروەها جەخت كرایەوە كە لە داڕشتن و جێبەجێكردنی بودجەدا، ماف و شایستە دارایییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بپارێزرێت و ناكۆكییە دارایی، نەوتی و یاساییەكانی نێوان هەردوو حكومەت، نابێت ببنە هۆی دواخستن یان پەكخستنی مووچە و شایستەكانیان.

ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ جیاوازی كردەوە، بۆ داكۆكیكردنی هاوبەش لە پشك و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدڕاڵیی 2027 و پێویستیی یەكڕیزی و هاوئاهەنگی نێوان هەموو لایەنە كوردستانییەكان لەم بابەتەدا بە گرنگ زانی.

لە كۆتاییدا، لە ساڵیادی كۆمەڵكوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە ڕێز و شكۆوە یادی شەهیدانی ئەو كارەساتەی كردەوە كە لە ساڵی 1969دا، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، ژمارەیەك لە دانیشتووانی كریستیان (كلدان) و موسڵمانی گوندەكەی كۆمەڵكوژ كرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن