راچڵەكین-
نوێنەری كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان (UNHCR) لە جیبۆتی، دەڵێت، بەهۆی پەرەسەندنی توندوتیژییەكان لە یەمەن لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا نزیكەی سێ هەزار كەس بە گەشتێكی مەترسیداری دەریایی لە ڕێگای گەرووی باب مەندەبەوە گەیشتوونەتە جیبۆتی.
ساندرین دیسامۆرس، لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ لەبارەی دۆخی یەمەن كە شەڕ و پێكدادان لە نێوان سوپا و حووسییەكان بەردەوامە:" پەنابەران دوای گەشتێكی سەخت بە بەلەمی بچووك لە ڕێگای ئۆبۆك، خۆڕ ئانگار، مولهولە و گۆدۆریاوە بەردەوامن لە هاتن و، هەزاران كەس كە دەیانەوێت لە یەمەن بچنەدەرەوە بەهۆی كێشەی ئەمنیی و نەبوونی سووتەمەنی بۆ بەلەمەكان نەیانتوانیوە هەڵبێن و گیریان خواردووە."
دیسامۆرس ئەوەشی خستەڕوو ئەو یەمەنییانەی دەگەنە جیبۆتی زیاتر لە نیوەیان ژنان و منداڵان و، نیگەرانن لە ئاسایشی گیانیان.
ساندرین دیسامۆرس ڕوونیكردەوە: "لە ئێستادا جیبۆتی میوانداری نزیكەی 36 هەزار پەنابەر دەكات كە زۆربەیان لە سۆماڵ و ئەسیوپیاوە هاتوون. ئەو گرووپە نوێیانەش كە لە یەمەنەوە هاتوون، گوشاری زیاتر دەخەنە سەر توانای بەدەمەوەچوون كە پێشتر گەیشتبووە ئەوپەڕی توانای خۆی. داوای پشتیوانیی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەكەین بۆ دابینكردنی پێداویستییە خێرا زیادبووەكانی ئەو كەسانەی لەناوخۆی یەمەندان یان ناچاركراون هەڵبێن بۆ جیبۆتی."