راچڵەكین -
موقتەدا سەدر هەڵوێستی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: هیوادارم ئەم كشانەوەیە نەبێتە سەرەتایەك بۆ دەستوەردانی دەرەكیی لە كاروباری ناوخۆی عیراق.
موقتەدار سەدر، رابەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 20-9-2026 بڵاویكردەوەو تێیدا خۆشحاڵیی هۆی دەربڕیوە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەم مانگە كۆتایی بە بوونیان لە عیراق بهێنرێت.
سەدر رایگەیاندووە، چاودێریی پرۆسەی كشانەوەكە دەكەین، كە لە سوودی عیراق و ئەمریكا و تەواوی جیهاندایە. هاوكات هیواشی هواستووە كشانەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، نەبێتە سەرەتایەك بۆ دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری عیراق كە زیان بە سەروەریی، سەربەخۆیی و شكۆی وڵاتەكە بگەیەنێت.
لە بەشێكی پەیامەكەیدا، موقتەدا سەدر هۆشداریی توندی داوەتە وڵاتانی دراوسێی عیراق و ناوچەكە، ئەگەر هەوڵبدەن دەست لە كاروباری عیراق وەربدەن و رایگەیاندووە: "بە توندی و بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە رووبەڕووی هەر دەستوەردانێك دەبینەوە لە هەر لایەن و دەوڵەتێكەوە بێت".
رابەری رەوتی نیشتمانیی شیعە داواشی لە لایەنە سیاسییەكانی عیراق كردووە، هەڵەی پێشوو دووبارە نەكەنەوە و داوای دەستوەردانی سەربازیی ئەمریكا نەكەنەوە، دووپاتیشی كردووەتەوە كە عیراق توانای هەیە بەبێ ململانێی ناوخۆیی و تایفی یان نەتەوەیی، تەنها لەڕێگەی هێزە ئەمنییەكان، بەتایبەت پاسەوانی سنوور و هێزی ئاسمانی، لەژێر چەتری حكومەتی ناوەندی پارێزگاریی لە خۆی بكات.
بە وتەی سەدر، ڕۆژی 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ، دەبێتە دەستپێكی بووژاندنەوەی عیراق و كۆتاییهاتنی گەندەڵی، ستەم، دیكتاتۆری، داگیركاریی و تیرۆر لە وڵاتدا، بەتایبەتیش لە سایەی بەهێزكردنی دامەزراوە ئەمنییەكان لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندا.