مەسرور بارزانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

22/05/2020     ژمارەی بینراو 374

راچڵەكین

سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پەیامێك لەبارەی دۆخی ئێستای دارایی بڵاودەكاتەوەو راشیدەگەیەنێت: ئامادەییمان بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەربڕیوەو سووریش دەبێن لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی.

مەسرور بارزانی لەو پەیامەیدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ 22-5-2020 بڵاویكردەوە، وێڕای پیرۆزباییكردنی جەژنی رەمەزان لە هاوڵاتیانی هەرێم، داوای لێكردن پاپەندی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ببن.

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە خراپیی دۆخی دارایی هەرێم كرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت، وتیشی: لە سەرەتای قەیرانەكەوە هەموو هەوڵێكمان داوەو بەردەوامیشین بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتی كەمبێتەوە.

راشیگەیاند، هەموو هەوڵێكمان خستەگەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا، بۆئەو مەبەستەش سێ جار شاندمان رەوانەی بەغدا كردو ئامادەیی خۆمان نیشاندا بۆ چارەسەكردنی سەرجەم كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور.

مەسرور بارزانی جەختی لەوەشكردەوە كە ئەم قەیرانەی ئێستا، زیاتر سووریان دەكات لەسەر بەردەوامبون لە ئەنجامدانی چاكسازی و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، هەروەها راستكردنەوەی ئەو هەموو چەوتییانە، كاتی زیاترو هاوكاری هەموو لایەكی پێویستە.

راشیگەیاند:  لە جێبەجێكردنی چاكسازیدا، بەرژەوەندی كەسانی سەرپێچیكار دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە هەوڵ دەدەن كۆسپی بۆ دروستبكەن، منیش لە بەرەی هاوڵاتیان دەمێنمەوەو هەرگیز لە چاكسازی پەشیمان نابمەوە.

جەختی لەوەشكردەوە كە نابێ هیچ كەس و لایەنێك لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و شەخسی خۆیان، كۆسپ لەبەردەم چاكسازی دروستبكات.

مەسرور بارزنی ئاشراشیكرد، قەیرانی دارایی قورساییەكی زۆری خستە ئەستۆی كابینەی پێشوو، كە نەیانتوانیوە هیچ یەدەگێك پاشەكەوت بكەن و ۲۷ ملیار دۆلاریش قەرزدار بوونە.

وتیشی: سەرباری ئەوەش، لەم كابینەیەدا 8 مووچەمان دابەشكردووەو تەنها یەك مووچە نەدراوە.

سەبارەت بە جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیش، سەرۆكی حكومەت باسی لەوەكرد، كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ لامەركەزی كارگێڕیدایە، بەمەرجێك لەگەڵ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا بێت.

بارزانی ئاماژەی بەوەكرد كە دەبێ خۆمان لەگەڵ هەر پێشهاتێك بگونجێنین، چونكە بەو پێیەی حكومەت خاوەنی هیچ یەدەگێكی دارایی نییە، ئەمە وادەكات لەهەر قەیرانێكدا تووشی كێشەی دارایی ببینەوە.

سەرۆكی حكومەت ئاشكراشیكرد، داهاتی مانگی رابردوو لە فرۆشتنی نەوت، تەنها 30 ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی ناوخۆش 60 ملیۆن دۆلار بووە، وتی: رێژەی 80%ی داهاتی هەرێم بۆ مووچەخۆران تەرخان جدەكرێت، ئەمەش لەهیچ وڵاتێكدا نییەو هیچ وڵاتێك ناوتوانێت هەموو هاوڵاتییەكانی دابمەزرێنێت و مووچەیان بۆ دابین بكات.

راشیگەیاند: ناكرێ هاوڵاتیان موچەیان هەبێت، بەڵام خزمەتگوزارییان نەبێت، بۆئەو مەبەستەش پێویستە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بڕیارێكی یەكلاییكەرەوە بدەین و چارەسەری ئەو بابەتە بكەین، دەبێ پێكەوە پلانمان بۆ دەرچوون لەم دۆخە هەبێت و هاوڵاتیانیش تێگەیشتنیان بۆ ئەم دۆخە سەختە داراییە هەبێت، كە رەنگە تا ماوەیەكی تریش بەردەوام بێت.
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن