راچڵەکین-
سەرۆک عەشیرەتی هەرکی رایدەگەیەنێت، ئەو زوڵم و ستەمەی کە بە درێژایی چەندین ساڵە لە هەرکییەکان دەکرێت بە خۆڕاگری و کارکردنتان کۆتایی پێدێت، بەمزووانە هەموو مافەکانتان دەگەڕێنینەوە سەرکەوتن نزیکە.
جەوهەر محیەدین هەرکی لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە ئاڕاستەی هاووڵاتییانی کوردستان و عەشیرەتی هەرکی کردووە دەڵێت:" دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئێوە هەمیشە لە بیرو زهنی من دان و تا دڵۆپێک خوێن لە لەشم دا بێت بۆ هیچ شتێک دەستبەرداری داواکارییە ڕەواکانتان نابم و کاردەکەم بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم داواکارییەکانتان، بەمزوانە و لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم دۆخە و نەمانی کۆرۆنا، ئەو زوڵم و ستەمەی کە بە درێژایی چەندین ساڵە لە ئێمەی هەرکی دەکرێت بە خۆڕاگری و کارکردنتان کۆتایی پێدێت و هەموو مافەکانی عەشیرەتی هەرکی کە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە پێشێلکراوە دەگەڕێنینەوەو سەرکەوتن نزیکە".
دەقی پەیامەکەی:
بەناوی خوای گەورە
پەیامێک لە جەوهەر محیەدین هەرکی بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان و پیاوماقولانی عەشیرەتی هەرکی خۆڕاگر.
بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز گەرمترین پیرۆزبایمان ئاراستەی تەواوی ڕیش سپی و کەسایەتی و گەنج و لاوانی عەشیرەتی هەرکی خۆڕاگرو وڵاتپارێز، و هەموو عەشیرەتەکانی ناوچەکەو عێراق دەکەم. بەهیوام ئەم جەژنە ببێتە دەرفەتێک بۆ لێبوردن و گەردەن ئازادی و تەبایی و پێکەوەژیان و خوای گەورە هەموو مرۆڤایەتی لە هەموو دەردو بەلاو نەخۆشیەک بپارێزێت، ئەو دەردە سەریانەی بەسەر جیهاندا هاتوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یەزدانی مەزن بە میهرەبانی خۆی هەموو مرۆڤایەتی بەسەلامەتی لەم بەڵا گەورەیە دەرباز بکات و بپارێزێت، بەتایبەت گەلی عێراق و کوردستان. ئەم جەژنە کۆتایی هاتنی سەرجەم دەردەسەری و نەخۆشیەکان بێت و بە سەلامەتی کۆرۆنا تێپەڕێنین.
عەشیرەتی هەرکی خۆڕاگر...
هەروەک ئاگادارن ئەم دۆخەی بە هۆی کۆرۆناوە هاتووتە پێشەوەو کاریگەریەکی نەرێنی کردوتە سەر سەرجەم سێکتەرو بوارەکانی ژیان، و کاریگەری لەسەر پڕۆژەو چالاکیەکانمان هەبووە، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئێوە هەمیشە لە بیرو زهنی من دان و تا دڵۆپێک خوێن لە لەشم دا بێت بۆ هیچ شتێک دەستبەرداری داواکاریە ڕەواکانتان نەبم و کاردەکەم بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم داواکارییەکانتان، بەم زوانە و لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم دۆخە و نەمانی کۆرۆنا، ئەو زوڵم و ستەمەی کە بە درێژایی چەندین ساڵە لە ئێمەی هەرکی دەکرێت بە خۆڕاگری و کارکردنتان کۆتایی پێدێت و هەموو مافەکانی عەشیرەتی هەرکی کە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە پێشێلکراوە دەگەڕێنینەوەو سەرکەوتن نزیکە.
گەنجان و لاوانی هەرکی...
پشو درێژی و خۆڕاگریتان بە نرخترین سامانە بۆ من، هەبوونتان هێزبەخش و هاندەرێکی بەهێزە بۆ من کە زیاتر کار بکەم بۆ خزمەتکردنتان، بە هیمەت و خۆڕاگریتان سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا هاوکات دەبێت لەگەڵ سەرکەوتن بەسەر زوڵم و ستەمداو دەرگاکانی گەیشتن بە ئامانجەکانمان دەکرێنەوە.
هەموو ڕۆژێکتان هەر جەژن و خۆشی و سەرفرازی بێت
جەوهەر محیەدین هەرکی