راچڵەكین
پۆلیسی راپەڕین بكوژی ئەو گەنجە دەستگیر دەكات كە رۆژی 25ی ئەم مانگە تەرمەكەی لە گوندێكی سەر بە شارۆچكەی قەڵادزێ دۆزرایەوە.
بەگوێرەی راگەیاندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، كە ئەمڕۆ 27-5-2020 بڵاویكردووەتەوە، تیایدا هاتووە،" پاش ئەوەی ڕۆژی 25/5/2020، تەرمی ( ر . ح . ئـ ) لە قەڵادزێ گوندی (شۆڕان) دۆزرایە، دەستبەجێ هێزەكانمان بەهاوكاری هێزەكانی یاریدەدەریەتی ئاسایشی قەڵادزێ، دوو كەسیان بەتۆمەتی كوشتنی ناوبراو دەستگیركرد و پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا، یەكێك لە تۆمەتبارەكان لەبەردەم دادوەری دادگای لێكۆڵەری پشدەر و پۆلیس، دانی ناوە بە تاوانەكەیدا، كە بەوتەی خۆی ناوبراوی كوشتووەو لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە".
راگەیاندراوەكەی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەشكردووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەری سلێمانی، دەركەوتووە ئەو گەنجە لە ڕێگەی زەبری دەرەكییەوە كوژراوەو هیچ ئاسەوارێكی گولـلـە بەسەر جەستەیەوە نەبووە، دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە ڕێكخراوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.