بەشێك لەحزبەكان لەناو حكومەت دەنگیان بە كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران داوەو لە دەرەوەش لەدژی دەوەستنەوە

ڕاپۆرت

22/06/2020     ژمارەی بینراو 650

راچڵەكین- كۆچەر عەزیز 

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بۆ مووچەی ئەم مانگە تەنها 79%ی مووچەی فەرمانبەران بدات و رێژەی 21%ی مووچەی دەرماڵەی فەمانبەرانی راگرت.

ئەم بڕیارەی حكومەت كاردانەوەی جیاوازی لایەنە سیاسییەكانی لێكەوتەوە و بەشێكیان باس لەوە دەكەن كە ئەوە ستەمێكەو لەفەرمانبەران دەكرێت، لەكاتێكدا بەشێك لەو لایەنانە نوێنەریان لەكۆبوونەوەكاندا بەشداربووە و دەنگیان بەبڕیارەكە داوە.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەهەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە:" تایبەت بەمووچە چاوەڕوانكراوبوو، دیسان موزایەداچی و سەرلێشێواوان، هەڵپەی كاتی بكەن و راستییەكان بگۆڕن و خۆ بدزنەوە."

خۆشناو دەڵێت:"چاوەڕوانبن، ئێمەش تەواوی راستییەكان بۆ رای گشتی دەخەینەڕوو."

هاوكات د. میران محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاندووە، ئەوان چاوەڕێی ئەوەیان لە حكومەت نەدەكرد كە ئەو بڕیارە خراپە بدات بۆ كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.  

وتیشی:"وەكو یەكێتی دژی كەمكردنەوەی موچەن و بە تەواوی رەتیدەكەنەوەو لە كۆبونەوەی ئایندەیاندا تاوتوێی ئەم بابەتە دەكەن و بژاردەكان هەڵدەسەنگێنن."

لەلایەن خۆشییەوە، جەلال محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە راچڵەكین-ی راگەیاند:" بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ چاكسازی ریشەییە، لەگەڵ بڕینی مووچەو قوتی فەرمانبەران نییە، ئەو بڕیارەش بە روون و راشكاو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەرسێ لایەنی بەشدار پارتی و یەكێتی و گۆران دراوە".

وتیشی:" وەك فراكسیۆنی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ بڕینی مووچە نەبووین لەگەڵ چاكسازی بووینە لە مووچەی بندیوار، ئێمە پێمان وایە تەنها بە بڕینی مووچەی بن دیوار و خانەنشینە نایاساییەكان، ئەوانەی كە فەرمانبەری راستەقینە نین ببڕدرێت مووچەی پلە تایبەتەكان كەمبكرێتەوە، دەتوانرێت مووچە دابینبكرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ووتی:" ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بریارەی داوە، رەنگە وەك پەرلەمان و فراكسیۆنەكان ئاگادار نەبین، بەڵام تیمەكانمان لە حكومەت و حزبیش ئاگادارن، بۆیە دەبێت لەگەڵ خۆمان و خەڵكەكانمان راستگۆ بین، ئەو عەیبدارییەی كە هاتووە، بە یەكتری نەسڕین، دەبێت هەرسێ لایەنەكانمان شان بدەینە بەری و بڵێن هەسێ لایەنەكانمان ئەو بڕیارەمانداوە، هەوڵبدەین ئەم بابەتە بۆ مانگێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە و بە یەكەوە بتوانین یاسای چاكسازی جێبەجێبكەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە مانگی داهاتووەوە مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی بدەین".

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی بە راچڵەكین-ی راگەیاند:" نابێت حكومەت دەست بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی راستەقینە ببات، ئێمە لەگەڵ كەمكردنەوەی  مووچەی پلە باڵاكانین بەڵام لەگەڵ بڕینی مووچەی فەرمانبەران نین، لە جیاتی ئەوە حكومەت با بروات مووچەی كەسانی نایاسایی و ناشایستە ببڕێت، بتوانێت داهاتی خاڵە سنوورییەكان و شەفافیەت لە نەوتدا بێنێتە كایەوە لەگەڵ بەغدا رێككەوتنی كۆنكرێت بكات ئەمانە چارەسەر بكات، نەك مووچەی فەرمانبەران ببرێت."

دەشڵێت:" ئەوان دەڵێن بۆ ئەم مانگەیە، بەڵام ئێمە رەتیدەكەینەوە، چونكە پێمان وایە، ئەگەر  حكومەت خۆی كۆبكاتەوە داهاتەكانی بەشی ئەوە دەكات كە بە هەدەر نەدرێت و  بۆ بواری نایاسایی خەرجنەكرێت و چاكسازی راستەقینە و گشتگیر لەسەرجەم سێكتەرەكانی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان و سێكتەرەكانی  فرۆشتنی نەوت  بەكرێدان و گێرانەوەی كۆمپانیاكان.  حكومەت دەتوانێت بێ دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا مووچە دابەشبكات".

هەڵەدنی ئاماژە بەوەدەكات:" ئەگەر ئەو بڕیارە پەیوەندی بە یاسای چاكسازییەوە هەبێت، یاسای چاكسازی كۆمەڵێ بڕگەی داناوە، لەوانە دەركردنی پەیڕەوێك لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەو یاسایە لە ١ی تەمووزەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ئێستا مووچەی مانگی دوو دابەشدەكرێت، نەك مانگی شەش لەوو رووەشەوە بڕیارەكەی حكومەت بڕیارێكی نایاساییە."

هاوكات فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا لەبارەی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە:"بە بیر هەموو خەڵكی كوردستان و موچەخوراوانی دەهێنینەوە، بەرپرسیارێتی ئەو ستەمكارییەی بەناو حكومەت لە دژتان ئەنجامیدەدات، دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی دەنگیان بە یاسای چاكسازیدا و لە ڕێگەی یاساوە بوونە بەشێك لەو ستەم و تاڵانییەی كە خۆی لە بڕینی موچەی خەڵكدا دەبینێتەوە ! "

كۆمەڵی ئیسلامی بەپێویستی دەزانێت پەرلەمانی كوردستان رۆڵی خۆی بگێڕێ و بە بێدەنگبوونی نەبێتە بەشێك لەو ستەمكارییەی بەرامبەر خەڵك دەكرێت، موچە بە یاسا ڕێكخراوە حكومەت ناتوانێ لەژێر هیچ ناو و پاساوێكدا دەست بۆ بڕینی ببات!.

فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت:" چاكسازیی دەبێت لە پرۆسەی نەوت و گێڕانەوەی داهاتەكەی بێت بۆ خەڵك و خەزێنەی گشتی، و كۆنتڕۆڵكردنی خاڵە سنوورییەكان و دەرهێنانیان لە چنگ حزب و بنەماڵە و كۆمپانیاكانیان، لەبڕینی ئەو سەدان هەزار بندیوارەی حزبەكانی دەسەڵات دەبێت كە بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی گەندەڵیان ئەوانەیان كردۆتە بار بەسەر خەڵك و هەر موچەخۆرێكی ڕاستەقینە باجی بندیواری یەكێك لەو حزباتە دەدات !"

جگە لەو مووچەخۆرانەی كە مووچەكانیان لە خوار 300 هەزار دینارەوەیە، بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، زیندانیانی سیاسی، كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت ناگرێتەوە. پلە باڵاكان و پلە تایبەتەكانیش 50%ی مووچەكانیان كەمدەكرێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن