‎ ئاراس شێخ جەنگی: ناوی كەسێكم لایە كەبەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەدڵی ئەو نووسرابوو

چاوپێکەوتن

24/06/2020     ژمارەی بینراو 3486

ئاراس شێخ جەنگی

راچڵەكین-

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی  كوردستان دەڵێت، بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە تیایدا پشتگیری بۆ تیمی یەكێتی لەحكومەت كرا پاش بڕیاری بڕینی ڕێژەیەك لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە:" بەدڵی كەسێك نووسراوە"، دەشڵێت:" ناوی ئەو كەسەم لایە."

ئاراس شێخ جەنگی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەبارەی بڕیاری كەمكردنەوەی بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەڵێت:" من ڕای خۆمت پێ دەڵێم، ناتوانم ڕای سەركردایەتی یەكێتی-ت پێبڵێم چونكە هێشتا كۆبوونەوە نەكراوە، لەم ڕۆژانە كۆبوونەوە دەكرێت سەركردایەتی بەڕوونی ڕای خۆی بڵاو دەكاتەوە، بەڵام وەكو شەخسی خۆم من لەگەڵ جەماوەر و خەڵكەكەی خۆمانم بەهیچ شێوەیەك من لەگەڵ ئەوە نیم كە مووچەی فەرمانبەران كەم بكرێتەوە یان ببڕدرێت، ئەمە كارێكە بەڕاستی دەبێت بەهەموو شێوەیەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەرگری لێبكات، نابێت بەهیچ شێوەیەك قبوڵی بكات ئەمە بكرێت چونكە ئەو خەڵك و فەرمانبەرە چ گوناهێكی هەیە كە حكومەتێك فەشەلی هێنابێت؟ ئەوە كەی خەتای فەرمانبەرانە ئەوە خەتای حكومەتەكەیە دەبێت حكومەتەكە دەستلەكاربكێشێتەوە، من پێشتریش داوای ئەوەم كردووە كە دەبێت ئەم حكومەتە دەست لەكار بكێشێتەوە و بەزووترین كات حكومەتێكی ڕزگاری نیشتیمانی دروست بكرێت، حكومەتێكی بچوككراوە دروست بكرێت بۆئەوەی كە بتوانێت كێشە ئابورییەكانی ئەم ناوچەیە چارەسەر بكات."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە یەكێتی لەكاتێكدا شەش وەزیر و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەیە چۆنە داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت دەكات؟ ئاراس شێخ جەنگی لەوەڵامدا وتی"من ناڵێم یەكێتی داوا دەكات، من داوا دەكەم ئەم حكومەتە هەڵبوەشێتەوە من پێویستم بەو 6 وەزیرە نییە، پێویستم بە جێگری سەرۆكی حكومەتیش نییە، من پێویستم بە حكومەتێكی بچوككراوە هەیە تا بتوانێت دۆخی هەرێمی كوردستان ڕزگار بكات لەم كێشە گەورە ئابوورییانەی كە تووشی بووە، ئیتر ئەم حكومەتە یاڕەبی خوایە هەمووی پارتی یان گۆڕان دەبوو، هەر كەسێك بێت ئێستا دابنرێت بۆ چارەسەری ئەم كێشانە چونكە من دەزانم ئەم وەزیرانەی من و ئەم جێگرە بەڕێزەی ئێمە ئەم كێشانەی پێچارەسەر ناكرێت."

ئاراس شێخ جەنگی ئەوەشی وت:" مانەوەمان لەم حكومەتە بەزیانی یەكێتی دەبینم تاكە چارەسەر ئێستا ئەوەیە ئەم حكومەتە نەمێنێت یاخود لەگەڵ بەغداد ڕێك بكەوێت، شاندەكەلە بەغدادە حەز دەكەم لێرەوە گوێیان لێی بێت، دەبێت بەهەموو شێوەیەك " تەنازول" بكەن بۆ بەغداد بۆ ئەوەی خۆیان ڕزگار بكەن چونكە چارەسەری هیچ ڕێگەیەكی تریان نییە، ئەمە تاكە چارەسەریانە خۆیان حەل بكەن یان ئەوەتا حكومەتەكە هەڵبوەشێنەوە."

سەبارەت بە بەیاننامەكەی درەنگانی شەوی ڕابردووتری یەكێتی نیشتمانی كوردستان؟ ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت" من بەیاننامەكەم نەبینیوە نازانم چی تیا نوسراوە، بەڵام من ئەوەی كە ئێستا وتم ئاوا وەڵامی خەڵك دەدەمەوە، وە هیچ بەدووری مەبینن بەیانی خۆپیشاندان بكرێت لەسەر شەقام خۆم لەپێشەوەی خۆپیشاندانەكان بم لەگەڵ خەڵك، تەواوبووە ئەم حكومەتە حكومەت نییە، ئەم حكومەتە بووە بە كۆمەڵێك "صەڕاف" ی "فاشیل" كە نازانن پارەكەش دابەش بكەن ئەم جكومەتە بیدەرە دەست پانزە كەس كە لە حسابی "صەرافی" بزانن بتوانن بێن پارەكە وەردەگرن و دابەشی دەكەن، ئەمە ئیشی ئەوەیە ئەم جكومەتە، هیچ ئیشێكی تری نەماوە."

هەروەها وتی" پارەكەش بەتەواوەتی دابەش ناكەن، پارە هاتووە كەس نازانێت چییان لێ كردووە، 400 ملیار هاتووە بۆ مووچە ئەوان چوون قەرزی خۆیان و كۆمپانیا نزیكەكانی خۆیان پێ داوەتەوە، ئەمە كەی جكومەتە، ئەم جكومەتە بدە بە چوار پیاوی عاقڵ لە بەغدادوە یان لە بەسڕاوە ئەوانەی كە لە بازاڕی دۆلارەكە ئیش دەكەن ئەوان باشتر بەڕێوەی دەبەن."

دەربارەی بۆچوونی یەكێتی چی دەبێت لەسەر بەیاننامەكە؟ ئاراس شێخ جەنگی وتی"ئەوە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كرا ئەو كات دەردەكەوێت من بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی م نەبینیوە، بەڵام وەكو بۆیان باس كردووم ، وەك وتم من لەگەڵی نەبووم ناوی كەسێكم لایە بەڵام نایڵێم كێ نوسیوویەتی بەڵام نەدەبووایە بەیاننامە دەربكەن دەبووایە كۆبوونەوە بكەن ئەم بەیاننامەیە بەدڵی كەسێك نوسراوە."

ئاراس شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەكرد حكومەتی هەرێم جیاوازی لەنێوان شارەكانیشدا دەكات، لەو ڕوەوە دەڵێت" پرۆژەیەك هەیە لە سلێمانی پێی دەڵێن شەقامی 100 مەتری كە 10 ساڵە خەڵك چاوەڕێی دەكات، ئەمە هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە بەڵام لە هەولێر شەقامی 100 و 150 و تونێل دروستكراوە، ئەی ئەمە فەرق و جیاوازی نییە؟ بەس ئەوە دەڵێم سەیری شەقامی 100 بكە و 150 یان دەست پێكردووە، كۆمەڵێك تونێلی گەورە یان دروستكردووە لەژێر مەسیف سەڵاحەدیینەوە بۆئەوەی خەڵكی تر لای ماڵی خۆیانەوە هاتوچۆ نەكات سەیری شەقامەكانی سلێمانی بكە لێرەوە تا نزیكی كۆیە و دەشتی سماقوڵی."

ئاراسی شێخ جەنگی ئەو قسانەی پێشتری ڕەتكردەوە كە لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێمەوە ڕادەگەیەنرا پێشتر بەچەند گوژمەیەكی جیاواز بودجە تەرخانكراوە بۆ شەقامە سەد مەترییەكەی سلێمانی كە خۆی وەك بەڵگەی جیاوازی نێوان شارەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەنمونە باسی دەكات، لەو ڕوەوە ئاراس دەڵێت" درۆ دەكەن تەحەددایان دەكەم بابێن بڵێن فڵان كەس بودجەی شەقامە سەد مەتریەكەی خواردووە من بەیانی یەكسەر دەستگیری دەكەم و بۆیان دەدەم بە دادگا ، ئەگەر ڕاست دەكەن بەڵام درۆ دەكەن پارە چۆن سەرف دەكرێت و دەخورێت؟ شتی وا كوا هەیە؟ لە بنەڕەتدا هەر پارە سەرف نەكراوە، یەك بڕە پارەیەك سەرف نەكراوە بۆ ئەم پڕۆژەیە، چەند جارێك خستویانەتە تەندەرەوە بەڵام دوایی تەندەرەكانیان سەحب كردۆتەوە بەڵام پارەكە سەرف نەكراوە خۆ ئەم پرۆژەیە بە یەك ڕۆژ تەواو نابێت، ئێستا دەستی پێبكەن سێ ساڵی دەوێت پارە چۆن سەرف دەكرێت پرۆژەی شەقام وایە كە ئیش دەكرێت لەدوای ماوەیەك سلفەیەكت دەدەنێ و دوای ماوەیەكی تریش سلفەیەكی تر، ئەوە هەمووی درۆ و دەلەسەیە و هیچی وا نییە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی  كەڕەنگە خەڵكێك بپرسێت خۆ چەند ساڵە جێگری سەرۆكی حكومەت لە حیزبەكەی خۆتانە بۆ لەجێگری سەرۆكی حكومەت ناپرسنەوە بۆ نمونە لەسەر ئەو پڕۆژەیەی كە تۆ بەنمونە باسی دەكەیت؟ ئاراس شێخ جەنگی بەمجۆرە وەڵامی دایەوە و وتی:" ئەوە دەبێت سەركردایەتی لێی بپرسێتەوە، ڕۆژ و كاتی ئەوە هاتووە دەبێت لێی بپرسێتەوە، من پێنج مانگە جێگری سەرۆكی حكومەتم نەبینیووە."

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان حیزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستان؟ ئاراس شێخ جەنگی وتی" پەیوەندیەكان هەتا بڵێت خراپە، لەوپەڕی خراپیدایه ئەم دوو حیزبە پێكەوە ناتوانن دابنیشن و كۆبوونەوە بكەن ئیتر باشی چییە؟ ماوەیەكە دەتوانن كۆبوونەوە بكەن بەیەكەوە بەڵام ناتوانن دابنیشن مانای وایە پەیوەندیان زۆر خراپە."

ئاراس شێخ جەنگی ئەوەشی ڕاگەیاند " هۆكاری ئەو پەیوەندییە خراپەی نێوان یەكێتی و پارتی لە ئێستادا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرۆكی پارتی و یەكێك لە جێگرەكانی نایانەوێت لەگەڵ ئەم سەركردایەتیە تازەیەی یەكێتی دابنیشن وتویانە بەهیچ شێوەیەك ئێمە لەگەڵ ئەوانە دانانیشین. "

جەختیشیكردەوە" ئێستا یەكێتی ئامادەیە لەگەڵیان بۆ دانیشتن بەڵام ئەوەی من بیستوومە وتوویانە بەهیچ شێوەیەك ئێمە لەگەڵ ئەو سەركردایەتیە تازەیە دانانیشین."

بۆچی ئامادەی كۆبونەوە نین وەك خۆت وتت، لەكاتێكدا سەرۆكی پارتی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی وتی ئێمە ڕێز لە ئەنجام و هەڵبژاردنی كۆنگرەی یەكێتی دەگرین؟ لەوەڵامدا ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت"من نازانم لەوان بپرسە بۆ نایكەن من بوومایە دەمكرد من بوومایە هەردوو حیزبەكەم كۆ دەكردەوە و دەموت وەرن دابنیشن و چارەسەری كێشەكان بكەین وەرن با ئەم خەڵكە ڕِزگار بكەین، وەرن با چارەسەری ئەم دۆخەی ئێستای خەڵك بكەین كە تووشی هاتوون، ئەمە كەی وەختی ئەوەیە بڵێم فڵان كەس ئەمەی وتووە و ئەو وای نوسیووە ، حیزبایەتی و وڵات چۆن وا بەڕێوە دەچێت."

"من هیچ بەدیلێك نابینم كۆتاییەكەی هەر ئەوەیە هەر كەسە و لەماڵی خۆی."ئاراس شێخ جەنگی سەبارەت بە جێگرەوەی پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی وایوت"

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن