پشكی هەرێم لە قەرزەكانی عێراق دیاری دەكرێت

کوردستان

30/06/2020     ژمارەی بینراو 492

راچڵەكین

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: ئەو قەرزەی كە حكومەتی عێراق لەناوخۆو دەرەوە دەیكات، بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەیەو لەدوای رێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداش، پشكی هەرێمی كوردستان لەو قەرزانە دیاری دەكرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقن بە میدیای فەرمی یەكێتی راگەیاندووە، ئەو قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییانەی كە عیراق بەنیازە وەریبگرێت، بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانە لە بودجەی ساڵی 2020، لەداهاتوودا لە خەرجییە سیادییەكان دەدرێتەوە.

وتیشی:" قەرزەكان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانە لە خەرجییەكانی بەكاربردن لە بودجەدا، پشكی هەرێمیش لەو قەرزانە دوای رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دیاریدەكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە، كە ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتییە، ئاماژەی بەوەشكرد ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ لەسەر كێشە داراییەكان بگەنە رێككەوتن، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان پشكی لەو قەرزانە بەردەكەوێت، لەئەگەری نەگەیشتن بەڕێككەوتنیش، ئەوا حكومەتی هەرێم هیچ پشكێكی لەو قەرزانە بەرناكەوێت كە عیراق بەنیازە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بودجە وەریبگرێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنێكی پێشوویدا، دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی دا، ئەوەش بەمەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەی ساڵی 2020.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن