هێزە عێراقییەکان 27 گوندیان لە سنووری پارێزگای دیالە پاکسازکردووە

عێراق

11/07/2020     ژمارەی بینراو 252

راچڵەکین-

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ لە میانی بەشداریكردنیان لە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراقدا، 27 گوند-یان لە پارێزگای دیالە پاكسازكردووە.

لە راگەیەندراوێکدا شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بڵاویکردووەتەوە" بەیانی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە دەستیپێکرد و 27 گوندیان پاكسازكردووە".

ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، پشكنین و پاكسازكردنی رووبەری 17هەزار و 685 كیلۆمەتر چوار گۆشەیە لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە و هەورەها راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانە پتەوتر بێت.

هەر بەیانی ئەمڕۆ سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە دیالە كرد و كە لە میانیدا بە میدانی سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق كرد.

لە ماوەكانی رابردوودا، قۆناغی دووەم و سێیەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق، بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەددین، رۆژئاوای دیالە و باشووری رۆژئاوای كەركووك ئەنجامدرابوون كە لە میاندا، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كوژراون، هەروەها ژمارەیەك حەشارگەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە خاپووركران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن