وەرگێڕانی كتێبەكەی جۆن بۆڵتن بۆ ؟

کەلتوور

20/07/2020     ژمارەی بینراو 1122

ئەم كتێبە بەهایەكی تایبەتی ئەبێت لە ڕووی وەرگێڕانەوە بۆ زمانی كوردی و بە تایبەتی بۆ خوێنەرانی كورد لەوانەی كە ناتوانن لە ڕێگەی زمانی یەكەم و كتێبەكەوە بە مەبەستەكانی بگەن. ئەم كتێبە لە ساتە وەختێكی مێژووییدا ئەكەوێتە بەردیدی خوێنەران و لەلایەن گەورە سیاسەتمەداری مەزنترین دەوڵەتی دنیا واتە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە نووسراوە، كە تا ئەم ساتە مێژووییە یەكەمین هێزو بڕیاردەرو داڕێژەرو ڕێكخستنەوەوی جیۆپۆلیتیك و ڕووداوە سیاسیەكانی دنیایە و لەپشتی هەموو ڕووداوەكانەوەیەو هێزێكە تا چەند بۆ كەسانێك لوتكەی دیموكراسیەت و ئارامی و پارێزەرو مافی مرۆڤە، بەڵام بۆ كەسانێكی دی و دەوڵەتانی دی هێشتا هێزێكی شەڕانگێزو دوژمنكارو بەرژەواندخوازە .

بۆیە ئەم كتێبە لە پشتی پەردەوە ڕاستی سیاسەت و ستراتیژی دەوڵەتانی ڕۆژئاوامان بە گشتی پێ نیشان ئەدات كە بەرژەوەندخوازی و خودپەرستی و بەرژوەندی باڵی ناسیونالیستی لەسەرەوەی هەموو بەهاكانەوەیە . واتە لەم ساتە مێژووییەدا جارێكی دی ئەم كتێبە ئەو ڕاستییە مێژووییە دێنێتەوە بیر بە تایبەتی بۆ یادەوەری هەموو تاكێكی كورد كە جارێكی دی بە سەراپای مێژووی خۆیدا بچێتەوەو بەو هەموو ڕووداوە تراژیدی و كوشندەوەو هەموو ئەو غەدرو خیانەتانە مێژووییەی كە لە كورد كراوەو سەیری دیمەنی خەمناكی ئەو هەموو داگیركاری و وێرانكارییەی خاكی كوردان بكات كە خوێنی لێ دەچۆڕێت هەر لە شەڕی چاڵدێرانەوە تا پەیمانی لۆزان و ڕێككەوتنامەكانی تاران و بەغداو جەزائیر، كە دەرەنجام لە یادەوەری كوردیدا گەلێكێ زوڵملێكراوی غەدرەكانی لە كەناری مێژوودا جێهێشتووە بە برینی كوشتارەكانی دەرسیم و هەڵەبجەو ئەنفالەوە ، ئیدی گەلی كورد خۆی لە ساتە مێژووییەكدا ئەبینێتەوە كە ئەو بەهایانەی لە جیهاندا نەگۆڕن و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان بە ڕێوەدەبەن و گەلانیان لە ناو ئەو سیستەمە سیاسیە نێودەوڵەتیەدا ڕێكخستووە، بریتیە لە بەهایەكی نەگۆڕی بەرژەوەندخوازی و باڵاكردنی بەرژەوەندیە تایبەتییە ئابوری و جیۆپۆلیتیكیەكان لەسەرووی بەها ئینسانییەكانەوە و لەم میانەشدا ئەوەی دەبێتە قوربانی گەلانی بێ دەسەڵات و بندەست و بێ بەرگرین كە ناتوانن لە بەردەم ڕەشەبای ئەو هێرشە بێ بەزەییانەدا بەرگری لە خۆیان بكەن و هەمیشە ئەبنە قوربانی ئەو سیاسەتانە.

لە پاڵ ئەم ڕاستییە مێژووییەشدا ڕاستییەكی دی مێژوویی لە یادەوەری مرۆڤی كوردا هەیە كە ئەویش ئەوەیە هەموو ئەو ئەزموونە مێژووییانە سەلماندوویانە كە هێزێك لە دنیادا دۆستی كەس و لایەنێكی دی نییە ، هیچ دەوڵەتێك خۆشنوودی و ئارامی و سەرەوەری خۆی ناكاتە قوربانی ئەوانی دی و نایبەخشێت بەوانی دی، ئەوەی دەتوانێت لەم دنیا دڵرەق، بەرژەوەندكاری و یەكدی كوشتن و پێشێلكردنی ئەوانی تردا سیستەمێكی بەرگری و مانەوە دروست بكات، ئەوا لەسەروو هەموو شتێكەوە بەرگریكردنە لە خودو بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكانە بە تەنها وەكو یەك شوناسی نەتەوەیی و یەك قەوارەی پێكەوە هەڕەشە لێكراوو یەك نیشتمانی پێكەوە داگیركراوو تەماق تێكراو، واتە گەیشتنە بەو ڕاستییەی كە سەرباری هەموو جیاوازییە ناوخۆییە جوگرافی و ناوچەیی و خێڵەكی و فیكری و پێكهاتەییەكانی گەلی كوردستان سەرباری چەندین هێزی جیاوازو تائاستی دژ بە یەك، بەڵام ئەمانە مەحكومن بەوەی كە پێكەوە هەموو لە بەرامبەر یەك هەڕەشەو یەك سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرژوەندخوازیدان و پێكەوە لەسەر یەك خاك بەر هێرشی هەڕەشەكان دەبنەوە، بۆیە مێژوو چەندین بارەی دەكاتەوە كە بەشێكی سەرەكی هەموو شكستەكانی كورد دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێدابڕییە ناوخۆییەی كورد و بە جودایی ڕووبەرووبوونەوەی هێڕشەكان و زۆر جاریش بوون بە بەشێك لە یەكدی وێرانكردن لەو پیلانی هێرشەكاندا، ئەمڕۆ مێژوو پێمان ئەڵێت لە جیهانێكی بەرژەوەندخوازدا كە بەهاكان بوونەتە قوربانی بەرژوەندی تاكە سیستەمی بەرگریكردنی كورد لەخۆیی و تاكە چەكی مانەوەی لەو جیهانەداو ڕووبەرووبوونەوەی هێرشەكان، چەكی یەك بوون پێكەوە كاری و پێكەوە وەستانە لەبەرامبەر ئەوانی دیدا چونكە ئێمە وەكو هەر میللەتێكی دی مەحكومین بە پێكەوە ژیان و پێكەوە مردن.

لێرەوە كتێبەكەی جۆن بۆلتن بەدەر لەو ڕاستیەی كە بوونی هەیە ، ئەمانخاتەوە بەردەم ڕاستییەكی مێژوویی بەڵگە نەویست كە چیدی نابێت بوونەوەری كورد چ وەك میلەت و چ وەك تاك چ وەك سیاسی چ وەك هاووڵاتی سادە تەنها خۆی بە قوربانی دوژمنە دەرەكیەكانی و وڵاتانی داگیركەر بزانێت.

چونكە كتێبی ژووری ڕووداوەكان بە باشی سیمای راستەقینەی دەوڵەتان ئاشكرا دەكات كە ئەوان لە جەنگی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندان بەبێ گوێدانە قوربانیەكان و ئامادەشن لە هەموو ساتێكی مێژووییدا پشت بكەنە كورد، ئەوەی لێرەدا دەبێت بۆ كورد ئاشكرا بێت ئەوەیە كە خودی خۆی دوژمنی سەرەكی خۆیەتی پێش ئەوانی دی وە خودی خۆی ڕزگاركەری خۆیەتی پێش ئەوانی دی.

بۆیە بە ئەمانەتەوە بە وەگێڕانی ئەم كتێبە ئەركی ئەخلاقی و مێژوویی ئەگرمە ئەستۆ تا كورد خۆی وەكو ئەكتەرێك لەناو ئەو مێژووە جەنجاڵ و بێ ڕەحمەدا لە هاوكێشەی ڕووداوەكان و دەرئەنجامەكانیان تێبگات.

دارەوان حاجی حامید - پاریس

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن