سبەی ئەمریكییەكان چۆن سەرۆك هەڵدەبژێرن؟

٭ كارۆخ خۆشناو


02/11/2020

میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا چۆنە؟

سبەی (سێشەممە) ڕێكەوتی (3)ی نۆڤەمبەری (2020) بە ڕۆژێكی گرنگ و وەرچەرخانێكی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت، ئەویش بە هۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا، كە وەك هەڵبژاردنی سەرۆكی جیهان وێنا دەكرێت، بەڵام بە میكانیزمێكی ئاڵۆز و سیستەمێكی جیاواز لە هەموو وڵاتانی جیهان، چونكە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا سەرۆك یان ڕاستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت، یاخود ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە ئەمریكادا هیچكام لەم ڕێگایانە بەكار ناهێنرێن.

لە كاتی نوسینەوەی دەستوری ئەمریكا لە ساڵی (1787) نوێنەرانی هەر (13) ولایەتەكە دوو پلانیان هەبوو بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا:

یەكەم/ پلانی ڤێرجینیا:

ئەم پلانە لەلایەن (ویلایەتە گەورەكان) پێشنیاز كرا، لەم پلانەدا داوایان دەكرد كە سەرۆك لە ڕێگای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت، چونكە ئەم (ویلایەتە گەورانە) ڕێژەی دانیشتوانیان زۆر بوو، بەم هۆیەوە ژمارەی نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەرز بوو،  بۆیە داواكار بوون ئەوان ڕۆڵ و كاریگەری زیاتریان هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدی دڵخوازی خۆیان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پێكهاتووە لە (435) ئەندام، كە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دابەشكراون، بۆیە ویلایەتە گەوەركان ئەندامەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران زیاترە لە ویلایەتە بچوكەكان.

دووەم/پلانی نیوجرسی:

ئەم پلانە لەلایەن ویلایەتە بچوكەكان پێشنیاز كرا، لەم پلانەدا داوایان دەكرد كە سەرۆك لە ڕێگای ئەنجومەنی پیرانەوە هەڵبژێردرێت، چونكە لە ئەنجومەنی پیران (سێنات) ژمارەی ئەندامەكان بە یەكسانی دابەشكراوە لە نێوان ویلایەتە گەورە و بچوكەكان، واتە هەر ویلایەتێك (2) ئەندامی لە ئەنجومەنی پیران هەیە، بەبێ ڕەچاوكردنی ژمارەی دانیشتوان، بۆیە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران (100) ئەندامە كە نوێنەرایەتی (50) ویلایەت دەكەن.

لە دوای مشتومڕێكی زۆر، باوكانی دامەزرێنەر گەیشتنە ڕێكەوتنێك كە بە (ڕێكەوتنە گەورەكە) ناسرا، ئەویش بریتی بوو لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان (ویلایەتە گەورە و بچوكەكان) لە ڕێگای تێكەڵكردنی هەردوو پلانەكەی سەرەوە، بۆ ئەم مەبەستەش میكانیزمێكیان داهێنا بەناوی (ئیلیكتۆڕەڵ كۆڵیج) كە بریتییە لە میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك بە شێوازیكی ناڕاستەوخۆ، چونكە خەڵك دەنگ بە (دەستەیەك یان كۆمەڵەیەك) دەدەن كە پێیان دەگوترێت (ئیلیكتۆڕەڵ كۆڵیج)، ژمارەی ئەندامەكانی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران (هاوس و سێنات)ە لەگەڵ سێ ئەندام بۆ (واشنتن D.C)ی پایتەخت، واتە ژمارەی ئەم دەستەیە [538] ئەندامن، (435+100+3=538)، هەر كاندیدێكی سەرۆكایەتی بتوانێت (نیوە+١)ی ئەم ژمارەیە واتە (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بێنێت، ئەوا ئەو كاندیدە دەبێتە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

گەورەیی عەقڵی (باوكانی دامەزرێنەر) هۆكار بوو بۆ چەسپاندنی دادپەروەی لە نێوان دەنگی (ویلایەتە گەورە و بچوكەكان) ئەویش لە ڕێگای داهێنانی ئەم میكانیزمە (ئیلیكتۆڕاڵ كۆڵیج) بە شێوەیەك كە پێویست دەكات لەسەر كاندیدی سەرۆكایەتی، بۆ بوون بە سەرۆكی ئەمریكا، گرنگی بە دەنگی هەموو ویلایەتە (گەورە و بچوكەكان) بدات، ئەمەش لە مادەی (2)ی دەستوری ئەمریكادا ڕەنگ ڕێژ كرا، بە گوێرەی ئەم مادەیە پێویستە هەموو چوار ساڵ جارێك (سەرۆك و جێگری سەرۆك) هەڵبژێردرێن لەلایەن دەستەیەكی هەڵبژێردراو كە پێیان دەگوترێت (ئیلیكتۆڕاڵ كۆڵیج) بە جۆرێك نابێت (سەرۆك و جێگری سەرۆك) خەڵكی هەمان ویلایەت بن، ئەمەش بەگوێرەی هەموواری ژمارە (12)ی دەستوری ئەمریكا، كەواتە سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمریكا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، بەم شێوەیەی خوارەوە:

 لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، خەڵكی ئەمریكا دەنگ بە كۆمەڵەیەكی هەڵبژێردراو دەدەن كە پێیان دەگوترێت (ئیلیكتۆڕاڵ كۆڵیج)، ئەم كۆمەڵەیەش لە ڕۆژی دوشەممەی یەكەمی دوای چوارشەمەی دووەمی مانگی دیسەمبەر (ناوڕاستی مانگی 12) هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگری سەرۆك.

داهێنانی ئەم میكانیزمە لە لەلایەن باوكانی دامەزرێنەروە (Founding Fathers) لەبەر ئەوە بوو، لەو كاتەدا زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەمریكا نەخوێندەوار بوون و رێگەیان پێ نەدەدرا دەنگ بدەن، بەتایبەت دوو پێكهاتەی گەورەی كۆمەڵگای ئەمریكا، لەو سەردەمەدا مافی دەنگدانیان نەبوو، ئەوانیش (ئەفریقییە ئەمریكییە ڕەشپێستەكان كە لەو سەردەمەدا كۆیلە بوون، هەروەها ئافرەتانیش مافی دەنگدانیان نەبوو) تەنها ئەوەی مافی دەنگدانی هەبوو، كەمینەیەك بوون لە ( پیاوی سپی پێست و خاوەن موڵك) ئەو كەمینەیەش بۆیان ئاسان نەبوو بزانن كێ بەربژێرە و بۆ دەبێت دەنگ بەو كەسە بدەن؟

 بێبەشبوونی چینی ئافرەتان و ڕەشپێستەكان زیاتر لە سەدەیەكی خایاند، پاشان كۆیلایەتی لەسەر دەستی سەرۆكی ژمارە (16)هەم (ئەبراهام ڵینكن) هەڵوەشێنرایەوە، ئینجا لە ڕێگای هەمواری دەستوری ژمارە (15) لە ساڵی (1870) مافی دەنگدان بە ڕەشپیستەكان  بەخشرا، هەروەها دواتر بە گوێرەی هەمواری دەستوری ژمارە (19) لە ساڵی (1920) مافی دەنگدان بە ئافرەتانیش بەخشرا.

چاوەڕوان دەكرێت ئەم هەڵبژاردنە ژمارەیەكی پێوانەیی مێژووی تۆمار بكات لە ڕێژەی دەنگدان و  بەشداریكردنی خەڵك لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان، چونكە پێشبینی دەكرێت ڕێژەی بەشداربوونی خەڵك لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا زیاتر بێت لەو ڕێژە پێوانەییەی كە لە ساڵی (1908) تۆمار كرابوو، كە برێتی بوو لە (65%) خەڵكی ئەمریكا.

دوای ئەوەی هەڵبژاردنەكان تەواو دەبن، سەرۆكی هەڵبژێردراو نزیكەی (دوو مانگ و نیو)ی لەبەر دەست دەبێت تاكو كابینەكەی پێكبهێنێت، دواتر بە گوێرەی دەستور پێویستە سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە ڕۆژی (2021/1/20) لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا لە بەردەم كۆنگرێسی ئەمریكا سوێندی یاسایی بخوات، ئەم ڕۆژەش بە (Inauguration Day) ناسراوە.

سەرۆكی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریكی- كوردی)