ئاڵا یان ئیدارەیەكی باش؟

ڕەمزی سەعید


16/04/2022

وەك بۆچوونی تایبەتی خۆم پێم وایە خەڵك كێشەی لە دانانی ئاڵا نییە كە لە پرۆتۆكۆڵی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دانەنراوە یان نا، بەڵكو خەڵك كێشەی ئیدارەدانی هەیە.

چونكە دەمێكە ڕوون بۆتەوە كە ئێمە نە دەتوانین دەوڵەت دروست بكەین نە توانیومانە نوێنەرێكی باشی خەڵكی بین، بەڵكوو ئەم جۆرە دانیشتن و پێشوازییە هیچ كێشەیەكی نییە، چونكە بۆ كاری تایبەتی و پاراستنی حزبی و بنەماڵەی بووە وەك میوانێك!

ئەردۆغان لەسەدان دیدارو چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانی ئیشارەی بە ناوی هەرێمی كوردستان نەكردووە، هەر ووتویەتی ئیدارەی باكووری عێراق.

وەك بینیمان لە ریفراندۆمەكە بەبەردەوامی سەركۆنە و ئامۆژگاری ئیدارەی باكووری عێراقی دەكرد و تەئكیدی دەكردەوە كە یەك ڕۆژ سنوری دابخەین دەمرن لە برسا، بۆیە هیچ پێم ناخۆش نییە لە دانەنانی ئاڵای فەرمی هەرێم، واتا ئاڵا كێشەی ئابووری خەڵك چارەسەر ناكات هیچ پێویست نییە خۆمان بۆ سەغڵەت بكەین.

ئەوەی مەبەستمە لێرەدا بڵێم، لەئێستادا هیچ تاكێكی كورد كیشەی ئەوەی نییە كە ئاڵای كوردستان دابنرێت لە پرۆتۆكۆڵی دیداری كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان لەدەرەوە، بەڵكو كێشەی سەرەكی ئەوەیە چۆن ئیدارەیەكی باش و تەندروست لەهەرێم هەبێت و بە ئاسانی نەوت و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان تاڵان نەكرێت لە پێناو چەند بنەماڵەیەك.

یان مووچەخۆران بە 45 رۆژ موچە وەربگرن، یان ئەزمەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان كە وەك نەخۆشی درێژخایەن وایە بەرۆكی خەڵكی ئەم هەرێمەی گرتووە.

بۆیە ئیدارەی باش و تەندروست باشترە لە ئاڵایەك كە هیچ ئەهمیەتی نییە لەناو ناخی زۆرینەی تاكی كورد لە ئێستادا، چونكە پێویستی سك زیاترە نەك ئاڵایەك تەنها چاو دەیبینێ!

ڕوونتر ئەوەیە بۆیە خەڵك هەڵوێستی وەرگرتووە لەسەر سەردانە بێ ئاڵاكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنها بۆ بانێك دوو هەوایە، كە پێشتر گوێی خەڵك تەندرابوو كە خۆنەچەمێنن!

 ئەگەرنا ناوی هەرێمی كوردستان بێت یان بە ئاڵا و بێ ئاڵا یان باكووری عێراق یان شمال حەبیب هیچ فەرقی نییە كە زۆرینەی خەڵك برسی بێت، بۆیە ئیدارە باش دواتر رەمزە نەتەوەییەكان.